ڕێگە بە کەسوکاریان درا سەردانی دەستگیرکراوانی لالەزار بکەن

26-08-2025 10:39

پەرەگراف

ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ ڕێگەیدا کەسوکاری دەستگیرکراوانی لالەزار سەردانی دەستگیرکراوان بکەن لە زیندان و چاویان پێیان کەوت.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە سلێمانی سەردانەکەی بۆ پەرەگراف پشتڕاست کردەوە، لەبارەی ئازادکردنیشیان سەرچاوەکە وتی "لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆرینەیان ئازاد دەکرێن دوای ئەوەی بەڵێننامەیەکیان پێ پڕدەکرێتەوە".

لە یەکێک لە دراماتیکیترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی چەندساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورسەوە چوونەسەر بارەگای لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بەمەبەستی دەستگیرکردنی، بەڵام ناوبراو ڕوبەڕوبوونەوەی هەڵبژارد و دوای شەڕێک کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم پێنج کەس، لاهورو برایەکی و فەرماندەی هێزەکەی و دەیان چەکدار دەستگیرکران.

پێکدادانەکان لە ئوتێل لالەزار ڕوویاندا کە موڵکێکی فراوانە و لەدوای جیابوونەوەی لە یەکێتی لە ساڵی ٢٠٢١وە بارەگای سەرەکیی لاهورو هێزەکەیەتی، بەرپرسانی ئەمنیی و دادوەریی ڕایانگەیاند کە هێزەکان فەرمانی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانیان پێبووەو لە دادگا بەپێی ماددەی ٥٦ی یاسای سزادانی عێراقی داواکراون، کە تایبەتە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان کە پەیوەندی بە ئاسایشی وڵاتەوە هەبێت.

دەیان ئۆتۆمبێل سوتێنران و خانوو و دوکانەکانی نزیک لالەزار زیانێکی بەرچاویان بەرکەوت لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕی تەقەکاندا.

دوای دەرکردنی لە یەکێتی بەهۆی ڕووداوەکانی 8ی تەموزی 2021، لاهور بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێی بە ناوی (بەرەی گەل) دامەزراند و هاوشان لەگەڵ کارە سیاسییەکەیدا، هێزی دووپشکی دروستکرد کە بوو بە نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ چەکدار مەزەندە دەکرا و خاوەنی چەکی سووک و مامناوەند بوون. لە کاتێکدا لاهور شێخ جەنگی جەختی دەکردەوە کە هێزەکە بۆ خۆپاراستنە، بەڵام یەکێتی وەک هێزێکی میلیشیایی مەترسیدار سەیریان دەکرد.

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان(سلێمانی) دەڵێت "ئەو كەسانەی لالەزار ‏كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، پلانیان هەبووە بە بەكارهێنانی ‏هێزی میلیشیا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی تیرۆر بكەن".