سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێم بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكەی ئوتێل لالەزار دەكات

25-08-2025 03:19

پەرەگراف

سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، فەرمانگەی داواكاری ‏گشتیی سلێمانی ڕادەسپێرن بۆ بەدواداچوونی ڕووداوەكەی ئوتێل لالەزار ‏بەئامانجی "پاراستنی مافی هەمووان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا". جەختیش ‏دەكاتەوە كە "نابێت جێبەجێكردنی فەرمانەكانی دادگا ببێتە هۆی پشێوی و ‏نائارامی".‏

سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "وەك ‏ئاشكرایە لای هەموو لایەك كە یەك لە ئامانجە سەرەكییەكانی یاساكان بریتییە لە ‏پاراستنی ماف و ئازادییەكان و ئاسایشی هاووڵاتیان، پێویستە هەموو كەسێك ‏پابەندی یاسا بێت و كەس لە سەرووی یاساوە نەبێت".‏

سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی لە درێژەی بەیاننامەكەد دەشڵێت "پاڵپشت بەو ‏ئەركە یاساییەی كە دەزگای داواكاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم، ‏چاودێریی ڕەوایی (مراقبە المشروعیە)، پاراستنی ســەروەریی یاسا و باش ‏پیادەكردنی حوكمەكانی و چاودێریی جێبەجێكردنی بڕیارەكان بەپێی ماددە ‏‏(١/یەكەم، چوارەم) لە یاسای داواكاری گشتیی هەمواركراو، جەخت دەكەینەوە كە ‏لە كاتی جێبەجێكردنی هەر فەرمان و بڕیارێكی دادگا، دەسەڵاتی جێبەجێكردن ‏پێویستە بەوپەڕی پەرۆشییەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی و دەستوورییەكان بكات لە ‏پاراستنی گیان و كەرامەتی هاووڵاتیان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و ‏مافەكانی خودی تۆمەتباریش".‏

سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی جەخت دەكاتەوە كە "بۆ جێبەجێكردنی فەرمان و ‏بڕیارەكانی دادگا، یاسا ڕێوشوێنی ئەوتۆی دیاری كردووە كە نەبێتە هۆكاری ‏پشێوی و نائارامی و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتیی هاووڵاتیان".‏

داواكاری گشتی پەیامێك ئاراستەی "دەزگاكانی ڕاگەیاندن و خاوەنی پەیج و ‏هەژمارەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان" دەكات كە "بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە و ‏دوور لە ئاڵۆزكردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە و لێكەوتەكانی بكەن".‏