مەكتەبی سیاسیی پارتی: جەخت لە سەروەریی یاسا و پاراستنی سەقامگیریی سلێمانی دەكەینەوە
مەكتەبی سیاسیی پارتی دەربارەی ڕووداوەكەی لالەزار جەخت لە "سەروەریی یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی شاری سلێمانی" دەكاتەوە و دەشڵێت "هەر جۆرە گرژی و هێرشێكی میدیایی خزمەت بە هەرێمی كوردستان ناكات و پێویستە ڕابگیرێت".
دەقی ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان:
ئەنجام و لێكەوتەكانی ڕووداوەكەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، كە بەداخەوە چەندین قوربانی لێكەوتەوە، بونە هۆی نیگەرانی خەڵكی سلێمانی و تەواوی هەرێمی كوردستان.
هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووریی و بەرهەمی تێكۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەكانی گەلی كوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەكەمان بەگشتی دەكەینەوە.
پێویستە چارەسەركردنی جیاوازی و كێشەكان بە ڕێگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن بێت، هەر كار و كاردانەوەیەك كاریگەری خراپی لەسەر سەقامگیری و پێكەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی كوردستان هەبێت بەباش نازانین.
لە نیگەرانی و دڵە ڕاوكێی خەڵك تێدەگەین و، لە پێناو هەرێمەكەمان و ئارامی دەروونی هاووڵاتیانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەك ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دامەزراوەكان بكەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێكی میدیایی خزمەت بە هەرێمی كوردستان ناكات و پێویستە ڕابگیرێت.
هاوكات، سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەرجەم قوربانییەكان دەكەین و هاوخەمیانین، هیوای زوو چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.
مەكتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥