پەرەگراف
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ئەو كەسانەی لالەزار كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، پلانیان هەبووە بە بەكارهێنانی هێزی میلیشیا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی تیرۆر بكەن و پلانیشیان هەبووە بە درۆنی بۆمبڕێژكراو یەكێك لە گرتووخانەكان بتەقێننەوە". دەشڵێت "تەنیا 150 بۆ 200 كارمەندی هێزە ئەمنییەكان لە پرۆسەكەدا بەشدار بوون".
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕووداو ڕایگەیاند "لە ئوتێل لالەزار دەست بەسەر چەندین چەكی بی كەی سی، ئێم فۆڕ، قەناس، چەكی كاتم (بێدەنگ)، نارنجۆك و درۆنی خۆكوژیدا گیراوە".
هەروەها وتی "بە هیچ شێوەیەك هێزە ئەمنییەكان درۆنی خۆكوژییان بەكار نەهێناوە، بەڵام ئێمە بە بەڵگەوە دەستمان بەسەر چەندین درۆنی خۆكوژی لەنێو لالەزاردا گرتووە. بەپێی دانپێدانی یەكێك لە تۆمەتبارەكان، یەكێك لەو درۆنە خۆكوژییانە لە كاتی تاقیكردنەوە لەلای خۆیان كەوتبووە خوارەوە، بەڵام نەتەقیبووەوە".
بەپێی قسەی وتەبێژی دەزگای ئاسایش، تەنیا پێنج كەس لە شەڕەكەدا كوژراون، كە "سیانیان ئەندامی هێزە ئەمنییەكان و دوونیان لەوانەی ناو لالەزار كوژراون". تەنیا "19 كەس"یش بریندار بوون، "بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێكیش بێسەروشوێن نییە".
وەكو عەقید سەلام عەبدولخالق ئاماژەی پێ دا، بەم نزیكانە "وردەكاریی پلانەكە و دانپێدانانی تۆمەتباران" بڵاو دەكەنەوە.
سەبارەت بەوەی لاهوور شێخ جەنگی ڕایگەیاند كە فەرمانی دەستگیركردنی بەدەست نەگەیشتووە، عەقید سەلام وتی "فەرمانی گرتنەكە براوە بۆ بەردەمی پرسگەكەی، بەڵام ڕێگەیان نەداوە بچێتە ژوورەوە".