هاوپەیمانی هیوا داوا لە مستەفا كازمی دەكات هەوڵی ئازادكردنی زیندانیكراوانی بادینان بدات
پەرەگراف
هاوپەیمانی هیوای كوردستانیو مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە؛ پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداو چەند پرسو مەلەفی جیاوازیان تاوتوێ كردووە، هاوپەیمانییەكە داوای لە كازمی كردووە هەوڵی ئازادكردنی زیندانیكراوانی دهۆكو بادینان بدات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی هاوپەیمانی هیوا كە وێنەیەكی بۆ پەرەگراف نێردراوە، تەوەرێكی گرنگی كۆبونەوەكەیان لەگەڵ كازمی، تایبەت بووە بە دۆسێی ماف و ئازادییەكان لە كوردستان، "داوامان كرد كە سەرۆك وەزیرانی عیراق هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی زیندانیەكانی دهۆك و بادینان بخاتە گەڕ كە لە پێناوی ئازادیی رادەربرین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە".
بەپێی بەدواداچونەكانی پەرەگراف، لە مانگی ئابەوە تا سەرەتای تشرینی دووەمی 2020، زیاتر لە 100 كەس لە بادینان دەستگیركراون، لە نێویاندا ڕۆژنامەنوس، چالاكوان، مامۆستاو هاوڵاتی دیكە هەن، بەشێك لەوانە هێشتا لە زیندانەكاندان.
دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانی هیوا لەگەڵ مستەفا كازمی
ئەمڕۆ چوار شەممە 3/ 2/ 2021، هاوپەیمانیی هیوای كوردستانیی لەگەڵ مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانیی عێراق كۆبۆوە.
لەو كۆبونەوەیەدا چەندین تەوەری هەستیار و گرنگی تایبەت بە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی گفتوگۆ كران. پرسی گۆڕینی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بۆ پەیوەندیی هاوكاری و تەواوكاری دیدی هاوبەشی هەر دولا بو. هەروەها پشكی هەرێمی كوردستان لە موازەنەی فیدراڵیی و شایستە داراییەكانیی جوتیاران و فەرمانگە فیدرالییەكان و كێشەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی هەرێم و زیندانیانی سیاسیی و شەهیدان و ئەو گرفتانەی تر كە لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە باس كران.
تەوەرێكی گرنگی كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە دۆسێی ماف و ئازادییەكان لە كوردستان و داوامان كرد كە سەرۆك وەزیرانی عیراق هەوڵەكانی بۆ ئازادكردنی زیندانیەكانی دهۆك و بادینان بخاتە گەڕ كە لە پێناوی ئازادیی رادەربرین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بایەخەوە كاركردنی هاوپەیمانیی هیوای كوردستانیی بەرز نرخاند و رایگەیاند لە پێناوی دژایەتی كردنی گەندەڵی و داكۆكیكردن لە بەرژوەندیی هاوڵاتیان هەماهەنگ و پشتیوانی یەكتری دەبین.
سەرۆك وەزیران بەڵێنیدا بە زویی كێشەی فەرمانگە فیدرالیەكان و بەنداوەكان و شایستە داراییەكانیی جوتیاران چارەسەر بكرێت و بەدواداچون بۆ هەمو كێشە و گرفتەكانی تریش بكات.
لەو كۆبونەوەیەدا چەندین تەوەری تری هەستیار و جێگای بایەخ گفتوگۆكرا لەوانە دژایەتیی گوتاری شەعبەوی كە بازرگانیی بە ناوی قەومیەت و مەزهەبەوە دەكا و گرنگیی كاركردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی دور لە تەزویر و ساختەكاری. لەو ڕوەشەوە بریاری هەماهەنگی و دیدار و كۆبونەوەی دەوری درا.