یەکێتی هێرشی تووند دەکاتەسەر پارتی لەسەر شەڕەکەی لالەزار

24-08-2025 04:49

پەرەگراف

یەکێتی ڕەخنەی تووند لە ڕووماڵی میدیاکانی پارتی دەگرێت بۆ شەڕەکەی لالەزارو بە "پەلاماردانی سلێمانی و پلانی دڵ ڕەش و پڕ لە قین" ناوی دەبات.

مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی دەڵێت "سێ رۆژە میدیای رەسمی و ناڕەسمیەكانی پارتی بە ئیعاز و پلانی سەروی خۆیان و بەدڵێكی رەشی پڕ لە قین پەلاماری شاری سلێمانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدەن و هەواڵی ناڕاست و چەواشەكارانە بەناوی سەرۆك و سەركردەكانی یەكێتی لەسەر روداوەكەی لالەزار و پرۆسەی چەسپاندنی یاسا بڵاودەكەنەوە".

"ئێمە بە میدیای پارتی و ئاغاكانیان دەڵێین نەك سێ رۆژ، بەڵكو سێ هەزار شەو و رۆژی تر پەلاماری یەكێتی و سلێمانی بدەن ناتوانن شكستی خۆتان و هێزەكانتان بەرامبەر خورشید هەركی و ناڕەزاییەكانی ئەو ناوچەیە داپۆشن" یەکێتی وادەڵێت.

دەشڵێت "هەموو خەڵكی كوردستان ئەو راستیە دەزانن ئەم پەلامارەی ئێوە بۆ ئەوەیە شكستی خۆتان و هێزەکانتان و سوتانی هەمەر و جێهێشتنی چەک و ڕاکردنتان بەرامبەر خورشید هەرکی لە بیر خەڵک ببەنەوە، بەڵام دیسانەوە دووبارەی دەکەینەوە سێ هەزار شەو و ڕۆژی تر ئەم دۆڕانەتان لەبیر هۆزی هەرکی و خەڵکی کوردستان ناچێتەوە".