سەربازانى تورکیا ڕێگە بە گوندنشینانى گوهەرزى نادەن بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان بچننەوە
پەرەگراف
سەربازانی توركیا 45 هاووڵاتیی دانیشتووی گوندی گوهەرزێ لە ئامێدی، دەستگیر دەكەن و ڕێگە نادەن بچنە ناوچەكە بۆ چنینەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان، ئەمە سەرباری بوونی هەماهەنگى لەنێوان دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم و سوپای توركیا بۆ ئەو مەبەستە.
ڕووداوەكە دوێنێ 23-08-2025 بووە، كاتێك كۆمەڵێك گەنج و دانیشتووی گوندەكە چوونەتە گوندی گوهەرزیێ كۆن بەمەبەستی چنینی سماق و بادەم و ترێ و چەند بەرهەمێكی تر، بەڵام لەلایەن سەربازانی توركیاوە گەمارۆ دراون و بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دەستبەسەر كراون.
ئەحمەد عەبدوڵڵا، موختاری گوندی گوهەرزێ، بە پەرەگرافی وت "كاتژمێر 07:00ـی بەیانی لەگەڵ خەڵكی گوند ڕۆیشتینە ئەوێ. نزیكەی 10 خولەك بەناو گونددا گەڕاین، لەناكاو سەربازانی توركیا دەوروبەری ئێمەیان گرت و پێیان وتین: ئێرە ناوچەیەكی سەربازییە و قەدەغەیە. ئێمەش وتمان: بە فەرمانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هاتووین. لە بەرانبەردا ئەوان وتیان: هیچ نووسراوێكی فەرمیمان پێ نەگەیشتووە".
موختاری گوندی گوهەرزێ وتیشی "دوای دوو كاتژمێر دەستبەسەركردن، ئینجا ڕێگەیان پێ داین كە بگەڕێینەوە و ئێمەش بە دەستی بەتاڵ گەڕاینەوە".
بەپێی هەماهەنگییەك كە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم لەگەڵا سوپای توركیا لەو ناوچەیە هەیانە، زیاتر لە 15 گوندی ناوچەی بەری گارەی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، ڕێگەیان پێ دەدرێت بۆ ماوەی 10 ڕۆژ سەردانی گوندەكانی خۆیان بكەن، بەمەبەستی چنینی بەرهەمەكانی خۆیان، وەكوو: سماق، ترێ، بادەم، سێو و چەند بەرهەمێكی تر.
ئەحمەد عەبدوڵڵا بۆ پەرەگراف دەڵێت "دانیشتووانی گوندەكانی بەری گارە دوو ڕۆژە سەردانی گوندەكانی خۆیان دەكەن و هیچ كێشەیان بۆ دروست نەبووە، تەنیا كێشە بۆ ئێمە و گوندی بڵاڤە دروست دەكرێت، نازانین هۆكار چییە كە تەنیا كێشە بۆ ئێمە دروست دەكەن".
دانیشتووانی گوندی گۆهەرزێ پاش گەڕانەوەیان، بۆ چارەسەری كێشەكەیان پەیوەندییان بە ئاسایشەوە كردووە، لە وەڵامدا پێیان وتوون "جارێ بوەستن تا كێشەكە چارەسەر دەكەین ".
چەند ساڵێكە ژمارەیەكی زۆر گوندی سنووری قەزای ئامێدی بوونەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سوپای سووریا، بەوهۆیەوە ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەكانیان، ئەمە جگە لە زیانی گەورەی ماددی كە بە ڕەز و باخی خەڵك لەو ناوچانە گەیشتووە.
هەرچەندە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێ كردووە و چەند قۆناغێكی بڕیوە، بەڵام هێشتا نەبووەتە ڕێگاخۆشكەر بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی ئەو گوندانەی هەرێمی كوردستان كە سوپای توركیا داگیری كردوون، هێشتا سوپای توركیا لە هیچ شوێنێك نەكشاوەتەوە.