پەرەگراف
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق زیاتر لە 40 كاندیدی دیكەی بە ماددەکانى پەیوەست بە بەعسیبوون و گەندەڵى و تاوانى ئابڕووبەرانە لە بەشداریكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە. هیچ كاندیدێكی لیستە كوردستانییەكان لەناو دووخراوەكاندا نین. دوورخستنەوەی هەریەك لە ڕاكان جبووری و حەیدەر موللا پشتڕاست كرایەوە.
بەپێی دوایین ئامار کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاوی کردووەتەوە، 627 کاندید دوورخراونەتەوە، ئێستا ژمارەی کاندیدە پەسەندکراوەکان 7440 کاندیدە.
ڕاكان جبووری، پارێزگاری پێشووی كەركووك و حەیدەر موللا، سەركردە لە هاوپەیمانیی عەزم، بەپێی ماددەی حەوت-بڕگەی سێ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخراونەتەوە كە ماددەكە باس لە مەرجەكانی كاندیدبوون دەكات و بڕگەی سێ دەڵێت "خاوەنی ڕەوشت و ناوبانگ و هەڵسوكەوتی باش بێت، بە مەرجێك كاندیدەكە پێشتر لێبووردنی بۆ دەرنەكرابێت بۆ تاوانەكانی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی و تاوانە ئابڕووبەرەكان".
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ژمارەیەك بڕیاری جیاوازدا كە ئەمڕۆ دەركراون، 42 كاندیدی دیكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە. لە یەك لیستدا كە 37 كاندید هەن، لە سێ بڕیاری دیكەشدا پێنج كاندید.




