هەڵبژاردنى پەرلەمانى سووریا لە پارێزگاکانى ژێر دەسەڵاتى کورد و دروز دواخرا

23-08-2025 12:44
کۆبوونەوەیەکى پێشووى نێوان سەرۆککۆمارى ڕاگوزەرى سووریا و لیژنەى هەڵبژاردنەکانى سووریا

پەرەگراف

هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی سووریا كە بە (ئەنجومەنی گەل) ناو دەبرێت، لە پارێزگاكانی ژێر دەسەڵاتی كورد (حەسەكە و ڕەققە)، هەروەها پارێزگای (سوەیدا)ـی دروزنشین، دواخرا. بڕیارەكە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی سووریاوە دەركراوە، بە پاساوی "ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی كە لەو سێ پارێزگایە هەیە".

نەوار نەجمە، وتەبێژی لیژنەی هەڵبژاردنەكانی سووریا، بۆ میدیای فەرمیی سووریای دەڵێت "بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لەو پارێزگایانە، لە پەرۆشیی لیژنەی هەڵبژاردنەوەیە بۆ بەدیهێنانی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی ئەو سێ پارێزگایە لە ئەنجومەنی گەل".

وتەبێژی لیژنەی هەڵبژاردنەكان جەخت دەكاتەوە كە "كورسیی تەرخانكراوی ئەو پارێزگایانە لە پەرلەمان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە، تا ئەو كاتەی هەڵبژردنیان تێدا دەكرێت".

بە قسەی نەوار نەجمە، لیژنەی هەڵبژاردنەكانی سووریا بڕیاری داوە بە دواخستنی هەڵبژاردن لەو سێ پارێزگایە، تا "ئەو كاتەی دۆخی گونجاو و ژینگەیەكی ئارام دروست دەبێت"، كە وەکو ئەو دەڵێت "گرەنتیى ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی پارێزراو و سەلامەت بكات".

پێشتر ئەحمەد شەرع، سەرۆكی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، بە مەرسومێكی كۆماری، سیستەمی هەڵبژاردنی كاتیی ئەنجومەنی گەلی پەسەند كرد. بەپێی سیستەمەكە، هەریەك لە پارێزگار و سەرۆكوەزیرانەكانی پێشوو و ئەو كەسانەیش كە پشتگیریی ڕژێمی پێشوویان كردووە، بۆیان نییە خۆیان بۆ پەرلەمانی نوێ كاندید بكەن. هەروەها قەدەغەی كردووە كە ئەوانەی "بانگەشە بۆ دابەشبوونی سووریا و جیابوونەوە" دەكەن، خۆیان كاندید بكەن.

بەگوێرەی سیستەمە پەسەندكراوەكە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی گەلی سووریا لە (210) كەس پێك دێت، دوو لەسەر سێی ئەم كەسانە بەگوێرەی حوكمەكانی مەرسومەكەی ئەحمەد شەرع هەڵدەبژێردرێن و كورسییەكان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت.