بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەیەکى دیکەى هەرێم دەستى پێ کردەوە؛ سەرجەم کێڵگەکان دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە

23-08-2025 11:01

پەرەگراف

كۆمپانیای هەنت ئۆیڵی ئەمریكی دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. پێشتر بەرزترین ئاستی بەرهەمی ڕۆاژنەی ئەو كۆمپانیایە لە كێڵگەی عەین سیفنی گەیشتوووەتە 12500 بەرمیل نەوت.

دوێنێ‌ هەینی 22-08-2025، وتەبێژێكی كۆمپانیای هەنت ئۆیڵ بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، كۆمپانیاكە چالاكییەكانی "دەرهێنان و بەرهەمهێنان"ـی نەوتی لە هەرێمی كوردستان دەست پێ كردووەتەوە. ئەمەش دوای تێپەڕبوونی نزیكەی مانگێك بەسەر هێرشە درۆنییەكاندا.

بەپێی لێدوانی وتەبێژەكە، كۆمپانیای هەنت ئۆیڵ پێشبینی دەكات تا كۆتایی ئەم مانگە بگەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی ئاسایی خۆی.

كۆمپانیای هەنت ئۆیڵی ئەمریكی وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی عەین سیفنی (باعەردێ) دەكات، كە دەكەوێـە نزیك شارۆچكەی شێخان لە پارێزگای دهۆك و لە ساڵی 2011 نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە.

بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكە ساڵی 2020 بووە، كە گەیشتووەتە 12 هەزار و 500 بەرمیل لە ڕۆژێكدا. هەرچەندە زانیاریی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێك سەرچاوە باس لەوە دەكەن كە بەرهەمی بەر لە هێرشە درۆنییەكان لە دەوروبەری 10 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە.

كێڵگەی نەوتی عەین سیفنی لە بەرەبەیانی 16-07-2025 هێرشی درۆنیی كرایە سەر، بەوهۆیەوە بۆ نزیكەی مانگێك بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرت و چەند ڕۆژێكە دەستی بە بەرهەمهێنان كردووەتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، سەرجەم ئەو كێڵگە نەوتییانەی هەرێمی كوردستان كە بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە بەرهەمهێنانیان ڕاگرتبوو، دەستیان بە بەرهەمهێنان كردووەتەوە. بەرهەمهێنان لە زۆرینەی كێڵگەكان گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی ئاساییی خۆی، چەند كێڵگەیەك نەبێت كە ماوەیەكیان پێویستە بۆ ئاساییبوونەوە.