یۆنامى لە سزادانەوەى شێروان شێروانی نیگەرانە و دەڵێت: دادگا پاساوى بۆ سەپاندنى ئەو سزا توندە نەبووە
پەرەگراف
نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق (یۆنامی)، نیگەرانی لە سزادانی قورسی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی دەردەبڕێت و پێی وایە "دادگا پاساوی بۆ سەپاندنی ئەو سزا توندە نەبووە". یۆنامی داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات كە "دڵنیایی لە ڕوونی و ڕەوایی ڕێوشوێنە دادگاییەكان بدەن".
یۆنامی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاریی عێراق، نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر بڕیاری 19ـی ئەم مانگەی دادگای كەتنەكان لە بنەسڵاوە لە هەولێر دەردەبڕێت، كە سزای چوار ساڵ و نیوی بە سەر شێروان شێروانیدا سەپاند، لەسەر تۆمەتێك كە ئەو نكۆڵیی لێ دەكات".
یۆنامی دەربارەی هۆكاری نیگەرانییەكەی دەڵێت "بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕەنگە ئەو سزایەی بەسەر بەڕێز شێروان شێروانیدا سەپێندراوە، لە جێگەی خۆیدا نەبووبێت و بەشێوەیەكی زێدەڕۆیی درابێت".
نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەو باوەڕەدایە كە "دادگای كەتنەكان لە بنەسڵاوە، پاساوی باوەڕپێهێنەری بۆ ئەوەی كە پێی دەوترێت (زەرفی موشەدەد) پێشكەش نەكردووە".
یۆنامی ئاماژە بە پابەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ دەكات و داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەكات كە "دڵنیایی بدەن لەوەی گشت ڕێوشوێنە دادگاییەكان بە شێوەیەكی ڕوون و ڕەوا و بەگوێرەی پێوەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكان بەڕێوە بچێت".
یۆنامی كە لە پرۆسەی دادگاییكردنەكەدا ئامادە بووە، جەخت دەكاتەوە كە بەردەوام دەبیت لە بەدواداچوونی ئەم كەیسە و ئاماژە بەوەش دەكات كە "بڕیارەكە شایانی پێداچوونەوەیە".