پەرەگراف
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەمڕۆ برایە بەردەم دادگاو دادوەر ڕۆژی 28ی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگاو تا ئەوکاتە لە زیندان دەمێنێتەوە.
لایەنگرانی نەوەی نوێ لە دادگا کۆبوونەوە و لە میانی دانیشتنەکەدا چەپڵەیان بۆ لێدا. دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید لە 12ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی مشتومڕ و گرژی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنی و دادوەرییەکان، دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی یاسایی و فەرمانی دادوەر ئەنجامدراوە. شاسوار عهبدولواحید پێشتر له 3ی ئاب لەلایەن دادگای سلێمانی به غیابیی سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا دراوە.
دوابەدوای دەستگیرکردنی، نەوەی نوێ، یەکێتی تۆمەتبارکرد بەوەی کە بە "هۆکاری سیاسی" ئەو دەستگیرکردنەی ڕێکخستووە، بەڵام یەکێتی و دەزگا فەرمییەکان ئەوە ڕەت دەکەنەوەو دەڵێن، پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێ سکاڵای لەسەر تۆمارکردووەو چەندین سکاڵای دیکەشی لەسەرە لەلایەن هاووڵاتییانەوە.