عەجاج دان بە تاوانەکانیدا دەنێت و دەڵێت: برسێتی و دەستدرێژیمان وەك چەكێكی جەنگ بەكاردەهێنا

21-08-2025 09:33

پەرەگراف

عەجاج، جەلادەکەی نوگرە سەلمان دان بە تاوانەکانیدا دەنێت و دەڵێت: برسێتی و دەستدرێژیمان وەك چەكێكی جەنگ دژی دەستگیركراوانی كورد بەكاردەهێنا.

ڕۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراق لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بەشێک لە دانپێدانی عەجاجی بڵاوکردەوەو دەڵێت، دانی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا ناوە كە دراونەتە پاڵی.

"برسێتیمان وەک چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە، كە كاریگەری کەمتر نەبووە  لە بۆردومانی سەربازی، دوو لەسەر سێی دەستگیرکراوەکانیش تەنها لە ماوەی 10 مانگدا گیانیان لەدەستدا" ئەمە بەشێکە لە وتەکانی عەجاج لەبارەی زیندانی نوگرە سەلمان کە هەزاران زیندانیی کوردی تێدابووەو ئەو بەرپرسی زیندانەکە بووە.

رۆژنامەی سەباح دەڵێت: تۆمەتبار ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدیەو لەدایکبوی پارێزگای سەڵاحەدینەو دەرچووی خولی حەوتەمی کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەییە،  پۆستی جۆراوجۆری لە بەڕێوبەرایەتییە ئەمنییەکانی (هەولێر، رومیسە ، نەجمی، بسیە و موسەننا) هەبووە، تاوەکو بووەتە سەرپەرشتیاری گشتی زیندانی نوگرە سەلمان.

عەجاج یەكێك بووە لە جەلادەكانی زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان لە كاتی شاڵاوەكانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨، بە ئەشكەنجە توند و نامرۆڤانەكانی ناوی دەركردبوو، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەبەرچاو ونبوو و ساڵانێكی زۆر خۆی حەشار دا، ئەو جەلادە پاش ٣٧ ساڵ لە تاوانەکانى و گۆڕینی شێوەی خۆی بە جوانكاری بۆ خۆدەربازكردن، دواجار ناسرایەوە.

ڕۆژی ٣١-٠٧-٢٠٢٥، دەستگیركردنی عەجاج لەلایەن نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراقەوە ڕاگەیەندرا. ڕۆژی دواتر دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق یەکەم وێنەی دوای دەستگیرکردنی عەجاجی بڵاوکردەوەو وتی: دەستگیرکردنى عەجاج زیاتر لە شەش مانگی خایاندووە، لە پارێزگای موسەنا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەڵاحەدین توانراوە دەستگیرى بکەن.