پارێزبەندی لەسەر سێ پەرلەمانتاری كوردستان هەڵگیرا

01-02-2021 06:45

پەرەگراف- هەڤاڵ غالب

سێ پەرلەمانتاری كوردستان پارێزبەندیی یاساییان لەسەر هەڵگیرا، دوای دوو سكاڵای جیاواز كە لە پێنجوێن و گەرمیان لەسەریان تۆماركراوە.

هەریەكە لە عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان، بەهمەن كاكە عەبدوڵا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پارێزبەندیی یاساییان لەسەر هەڵگیرا بۆ ئەوەی بچنە بەردەم دادگا.

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لابردنی پارێزبەندی لەسەر ئەو و عەلی حەمەساڵح دوای سكاڵایەك بووە لەلایەن بەڕێوەبەری دەروازەی باشماخ لەسەر پۆستێكی فەیسبوك، ئەوانیش خۆیان دەستپێشخەرییان كردووە بۆئەوەی بچنە بەردەمی دادگا.

وتیشی "داوكاریی ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ لابردنی پارێزبەندی، بەمەبەستی چونمانە بۆ بەردەمی دادگا بۆ ئەوەی ئەو قاچاخچێتییە گەورەیە بسەلمێنین و بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە، هەر ڕۆژێكیش دابنرێت ئێمە كێشەمان نییەو دەچینە بەردەی دادوەر".

دابان محەمەدو عەلی حەمەساڵح، زۆرترین قسەیان لەسەر گەندەڵیی‌و قاچاخچێتیی لە خاڵە سنورییەكان كردووەو چەندینجار ڕایگشتی‌و حكومەتیان لەو پرسە ئاگادار كردووەتەوە.

ئەو دوو پەرلەمانتارە، كۆتایی ساڵی ڕابردوو لە فەیسبوك بابەتێكیان بڵاوكردەوە‌و تێیدا ئاماژەیان بە قاچاخچێتی لە دەروازەی باشماخ كرد، دواتر سكاڵایان لەسەر تۆماركراو دادگای لێكۆڵینەی پێنجوێن نوسراوی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كرد بەمەبەستی لابردنی پارێزبەندی لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارە.

عەلی حەمەساڵح‌و دابان محەمەد، لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، نوسراوێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردو داوای لابردنی پارێزبەندییان كرد، بۆ ئەوەی لەبەردەمی دادوەر "بە قەبارەی 750 ملیۆن دۆلار قاچاخچێتی لە ماوەی 18 مانگدا لەو دەروازەیە بسەلمێنن".

یەكێكی دیكە لەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیراوە بەهمەن كاكە عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتییە، بەوەش ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لەم خولەدا پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە دەبێتە 4 پەرلەمانتار بەوپێیەی پێشتر لە دانیشتنێكی پەرلەماندا بە دەنگدان پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵ هەڵگیراو دواتر ئەو پەرلەمانتارە دەستی لەكار كێشایەوە.

بەهمەن كاكە عەبدوڵا بۆ پەرەگراف باسی لەوەكرد، لابردنی پارێزبەندی لەسەر ئەو هی ئێستا نییەو پێشتر بووە، "پێش چەند مانگێك پارێزبەندیم لەسەر هەڵگیراوە‌و خۆم نەمویستووە باس بكرێت و بكرێـتە موزایەدەو پاڵەوان بازی".

هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، لەسەر سكاڵایەك بووە كە لەسەری تۆمار كراوە لە دادگای گەرمیان لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2015، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانەوە كەسێك كوژرا و لەوكاتەدا بەهمەن لێپرسراوی ناوچەی گەرمیانی پارتی بووە.

"خۆم داوام كردووە پارێزبەندیم لەسەر هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی بچمە بەردەمی دادگا‌و قسەی خۆمان بكەین" بەهمەن وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، پەرلەمانتاری دیكەش هەن سكاڵایان لەسەرەو داوای لابردنی پارێزبەندییان كراوە، بەڵام نازانێت ژمارەیان چەندەو ئەو بابەتە لای دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە.