پەرەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سێ مەرج كە پەیوەستن بە جێبەجێكردنی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغداد، بڕیاری دا "بە شێوەیەكی سەرەتایی" ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی حوزەیران. ناردنی مووچە بەستراوەتەوە بە جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە لە ماوەی هەفتەیەكدا.
وەكوو لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا هاتووە، مەرجی یەكەم ئەوەیە كە ئەو لیژنانەی لە بڕگەكانی (سێیەم و چوارەم)ـی بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025 (لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغداد) هاتوون، كارەكانیان تەواو بكەن و هەر یەكێكیان لە ماوەی هەفتەیەكدا لە دەرچوونی ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ، كۆنووسێكی واژووكراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرز بكەنەوە.
هەروەها مەرجی دووەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەوەیە كە "ئەو تیمەی لە بڕگەی دووەمدا پێكهێنراوە، كارەكانی لە ماوەی هەفتەیەكدا تەواو بكات، بۆ دیاریكردنی پشكی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بەپێی یاسا".
بەپێی مەرجی دووەم، دوای ئەوەی پشكی حكومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لەلایەن تیمەكەوە دیاری كرا، دوای ئەوە كار بە بڕیاری ناردنی 120 ملیار دینارەكە ناكرێت و پێویستە حكومەتی هەرێم ئەو بڕە بدات كە تیمەكە دیاریی دەكات، ئیتر ئەگەر كەمتر بێت لە 120 ملیار دینار یان زیاتر.
مەرجی سێیەمی حكومەتی فیدراڵ ئەوەیە "حكومەتی هەرێم، ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، پابەند بكات بە ڕادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو، بەپێی حوكمەكانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (550)ـی ساڵی 2025".
بەپێی یاسای هەمواركراوی بودجە و لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد، دەبێت كۆمپانیا نەوتییەكان دەست بە بەرهەمهێنانەوەی نەوت بكەن، لە بەرانبەردا حكومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت 16 دۆلاریان پێ دەدات. هەروەها دەبێت حكومەتی هەرێم كۆی نەوتی بەرهەمهێنراو ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات بۆ هەناردەكردن، جگە لە 50 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم.
دەقی بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، كە ڕۆژی 17-07-2025 دەركرا و بە لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد ناسراوە:
*دۆسیەی ڕادەستكردنی نەوت
١. حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ دەست دەكات بە ڕادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) بۆ هەناردەكردن. وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ١٦ دۆلار (بەشێوەی نەوت یان كاش) بۆ هەر بەرمیلێكی ڕادەستكراو دەدات، بەگوێرەی یاسای بودجەی هەمواكراو، بە مەرجێك كە بڕی ڕادەستكراوی نەوت كەمتر نەبێت لە ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە. هەر زیادكردنێك لە بەرهەمهێنانی نەوت پێوستە لە ڕێگەی لیژنەیەكی هاوبەشی پێوانەوە دیاری بكرێت و ڕادەست بكرێت. ئەگەر هەناردەی نەوت بە هەر هۆكارێك ڕاوەستا، كۆی بڕی نەوتی باسكراو ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت.
(ڕوونكردنەوە: كۆی بەرهەمهێنانی ئێستا ٢٨٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەیە، بەپێی ڕاپۆرتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ٥٠,٠٠٠ بەرمیل بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان كراوە. ئەو ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلەی كە دەمێنێـتەوە لەگەڵ هەر زیادبوونێكی داهاتووی بەرهەمهێنان، ڕادەستی سۆمۆ دەكرێت بۆ هەناردەكردن).
٢. بڕی ٥٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانەی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی هەرێم تەرخان دەكرێت، بە مەرجێك حكومەتی هەرێمی كوردستان تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابین بكات. داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، دوای لێدەركردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن. ئەگەر هەرێم پێویستی بە بەرهەمی زیاتر بوو، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆی دابین دەكات، بە مەرجێك كە لە ١٥,٠٠٠ بەرمیلی خاوی ڕۆژانە زیاتر نەبێت. لیژنەیەكی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك دێت، بۆ دیاریكردنی پێداویستیی ناوخۆیی ڕاستەقینەی هەرێم و لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێك لەوبارەیەوە پێشكەش بە حكومەتی فیدراڵ دەكات بۆ پەسەندكردن.
*دۆسیەی داهاتی نانەوتی:
١. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی، دەبێت ١٢٠ ملیار دینار وەك بەشی خەزێنەی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢٥ ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بكات. ئەم خاڵە شایەنی گۆڕنكارییە دوای وردبینیكرن بەپێی خاڵی (٢) لە خوارەوە.
٢. لیژنەیەكی هاوبەشی هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، پۆلێنكردن، وردبینیكردن و دیاریكردنی پشكی حكومەتی فیدراڵ لە داهاتی نانەوتی دەكات، كە لە ئایاری ٢٠٢٥ـەوە دەستپێدەكات، بە پشتبەستن بە بنەمای وردبینیكردن لە ڕاپۆرتە هاوبەشەكاندا لەو كاتەوە كە یاسای بودجەی فیدراڵ چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. لیژنەكە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێك پێشكەش بە حكومەتی فیدراڵ دەكات بۆ پەسەندكردن.
٣. پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، بۆ تەواوكردنی پرۆسەی تەوتینكردنی مووچە بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ لە ماوەی سێ مانگدا، لە دوای ئەو وادەیە، مووچە تەنیا بە تەوتینكراوی دەدرێت.
٤. تیمێك پێكدەهێنرێت لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی دیاریكردنی ڕێژەی تێپەڕاندنی پشكی هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) و چۆنێتیی چارەسەركردنی بەگوێرەی یاسای گشتیی بودجەی فیدراڵ بۆ ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. تیمەكە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتێك پێشكەش بە حكومەتی فیدراڵ دەكات.
٥. وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەی مانگی ئایار بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، دوای ئەوەی پشتڕاستكردنەوەی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ/سۆمۆ پێ دەگات بە وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی دیاریكراو (لە ئێستادا ٢٣٠,٠٠٠ بەرمیلی ڕۆژانە) لە بەندەری جەیهان.
٦. ئەم بڕیارانە لە دوای پەسەندكردنیان لەلایەن ئەنجوومەنی وەیرانەوە، دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.