بەغداد بە مەرجی بڕیاری ناردنی مووچەی دا

19-08-2025 03:12

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا بە ‏خەرجكردنی مووچەی مانگی ‏شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە مەرج.‏

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، مەرجەكان پەیوەستن بە ڕادەستكردنی داهاتی ‏نانەوتی و هەناردەكردنەوەی ‏نەوت و جێبەجێكردنی تەواوی ئەو لێكتێگەیشتنەی ‏پێشتر هەردوولا لەسەری ڕێككەوتوون.‏

مەرجێكی سەرەكیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕازیكردن و پابەندكردنی كۆمپانیا ‏نەوتییەكانە ‏لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە دەستپێكردنی ‏هەناردەكردنەوەی نەوت لە ماوەی هەفتەیەكدا.

دەبێت كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، ڕازی بن بە بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت بە 16 دۆلار، كە لە یاسای هەمواركراوی بودجەدا هاتووە و هەمواری بڕگەی تێچووی دەرهێنانی نەوتیش بە ڕێككەوتنی هەرێم و بەغداد بووە.

‏مەرجێكی دیكەی بەغداد ‏ڕادەستكردنی 120 ملیار دینارە وەكوو داهاتی نانەوتیی مانگی شەش، بەر لە ناردنی مووچەكە.‏

هەروەها دەبێت ئەو لیژنە هاوبەشانەی كە بەپێی لێكتێگەیشتنەكەی نێون هەردوو لا بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی ‏مووچە، داهاتی نانەوتی، نەوت و تەوتین پێكهێنراون، بەزوویی كارەكانی خۆیان تەواو بكەن.‏

ناردنی مووچەی مانگی شەش پەیوەستە بە جێبەجێكردنی هەردوو مەرجی ڕادەستكردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و پابەندكردنی كۆمپانیا نەوتییەكان بە دەستپێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.