هەفتەیەكی یەكلاییكەرەوە؛ شاندی هەرێم گرنگترین كۆبوونەوە لە بەغداد ئەنجام دەدات

31-01-2021 05:24
شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغداد.

پەرەگراف

شاندی دانوستانكاری هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، گرنگترین كۆبوونەوە لەبارەی نەوت‌و بودجە لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدات، سوننەكان پشتیوانییان بۆ هەرێم ڕاگەیاندووە، بەشێك لە شیعەكانیش ڕای نوێیان هەیەو ئەمڕۆ هەڵوێستی فەرمییان بە شاندەكەی هەرێم دەگەیەندرێت.

هەرێمی كوردستان ئامادەی جێبەجێكردنی ئەو ماددانەیە كە لە پڕۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا هاتووەو تایبەتن بە نەوت‌و بودجە، بەڵام پێناچێت دەقی ماددەكان وەكخۆیان بمێنن، زۆرینەی شیعەكان داوای ڕادەستكردنی تەواوی مەلەفی نەوت لە هەرێم دەكەن.

شیعەكان زۆرینەی پەرلەمانی عێراق پێكدەهێنن‌و پرسی ڕێككەوتن یاخود ڕێكنەكەوتن لەگەڵ هەرێم لەدەستی ئەواندایە، هاوپەیمانی سائیرون‌و دەوڵەتی یاساو ڕەوتی حیكمە كە پێكەوە 120 كورسیی پەرلەمانیان هەیە تووندن بەرامبەر هەرێم‌و داوای ڕادەستكردنی تەواوی نەوت دەكەن، هاوپەیمانی فەتح‌و هاوپەیمانی نەسر كە پێكەوە 89 كورسیی پەرلەمانیان هەیە نەرمتر دەردەكەون بەرامبەر هەرێمی كوردستان.

فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، كۆبوونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ بە گرنگ لە قەڵەم دەدات‌و دەڵێت "چونكە لە كۆبوونەوەی ڕابردوودا، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕاسپێردرا بوو كە لەگەڵ لایەنەكانی شیعە قسە بكات و هەڵویستی فەرمیی ئەو لایەنانە بزانرێت".

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، دەشڵێت "كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی دارایی گرنگەو ڕەنگە یەكلاییكەرەوە بێت، چونكە بابەتی میزانییە لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان ماوە، ئێمەش ڕووئیا و داتاكانمان داوەتە دەست لیژنەی دارایی و چاوەڕوانین كە بۆچوونی فەرمیی ئەوان وەرگرین''.

فارس عیسا وتیشی ''ئەمە دوایین كۆبوونەوە نییە، بەڵام گرنگترین كۆبوونەوەیە، ئێمە داوای بۆچوونی فەرمیمان له ‌لایەنە شیعەكان كردبوو، چونكە هەر لایەنێك بۆچوونێكی تایبەتی هەبوو، بۆیە سەرۆكی لیژنەی دارایی، هەیسەم جبوری ڕاسپێردرا كە لەگەڵ هەریەك لە ڕەوتی حیكمە، سائیرون و فەتح ڕۆژی هەینی و شەممە كۆببێتەوە و ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەكە لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بۆچوونی فەرمیی باس دەكرێت''.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ 36هەمین كۆبوونەوەی لەبارەی پڕۆژەی بودجەكە ئەنجام داو ئامادەی دەكات بۆ دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق كە پێدەچێت ئەم هەفتەیە ڕەوانەی پەرلەمانی بكات، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی دوو هەڵوێستی نوێی ناو گفتوگۆكانی لیژنەكەی ئاشكرا دەكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فەیسبوك نووسیویەتی "كوتلە سونییەكان بە فەرمیی پێیان ڕاگەیاندین هەر دەقێك ئێوە وەك كورد ئیتیفاقتان لەبارەوە كرد ئێمە پشتیوانتان دەبین".

دەربارەی هەڵوێستی شیعەكان، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت: بەشێك لە كوتلە شیعیەكان ڕایەكی نوێیان سەبارەت بە نەوت و پشكی هەرێم خستە ڕوو، بە گوێرەی ئەو دەقە نوێیە، عێراق لە بەندەری جەیهان هەمو نەوتی هەرێم وەربگرێ، بۆ كرێی كۆمپانیا و گواستنەوە و مەسرەفەكانیی تر، برێك لەو نەوتە بدەنەوە بە هەرێم خۆی بیفرۆشێ. واتا كۆی نەوتەكە بە نەوت وەربگرن، كرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەكەش بە نەوت بدەنەوە هەرێم.

"رای ئێمە پشتیوانیكردنە لەو دەقەی كە لە حكومەتەوە هاتوە وەك خۆی" هۆشیار عەبدوڵا وادەڵێت.

پێشتر حكوومەتی عێراق لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ڕێككەوتووە و لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر كراوە و نێردراوە بۆ پەرلەمان، بەڵام لە پەرلەمان ئاڕاستەیەكی بەهێز هەیە كە دژی هەرێمی كوردستانە‌و ئەگەری گۆڕانكاری هەیە لەو بەشەی پڕۆژە بوودجەكە كە تایبەتە بە هەرێم.

ئەو پشكەی بۆ هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژەكەدا، 13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە، ئەوەش زیاترە لە كۆی مووچەی یەك ساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ لێبڕین، هەرێم مانگانە پێویستی بە 894 ملیار دینارە بۆ مووچە كە بۆ 12 مانگ دەكاتە 10 ترلیۆن‌و 728 ملیار دینار، بەوپێیەش ئەو بڕەی وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، زیاتر لە 3 ملیار دیناری زیاترە لەوپارەیەی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ مووچەی 12 مانگ بەبێ لێبڕین.

لە بەرامبەر ئەو پشكەی بۆی دیاریكراوە، هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی نەوتی هەناردەكراو لە كۆمپانیای سۆمۆی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم پێویستە داهاتە فیدراڵییەكان ڕادەست بكات.

بەپێی پڕۆژەكە ئەگەر هەرێم پابەندی ڕادەستكردنی نەوت‌و داهاتەكان نەبێت، ئەوا لەو پشكە دەبڕدرێت كە بۆی دیاری كراوە.

لە بەشێكی دیكەی پڕۆژە یاساكەدا باسلە قەرزەكانی سەر هەرێم كراوە، ئەوە خراوتە ڕوو، هەرێمی كوردستان پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدائەو قەرزو پابەندییە داراییانە ئاڕاستەی بەغداد بكات كە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بەهۆی نەناردنی شایستەكانی لەلایەن بەغداوەتووشی بووە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق‌و هەرێم لە ماوەی 90 ڕۆژدا وردبینیی بۆ ئەو لیستانە دەكەن.

لە پڕۆژەكەدا ئەوەش هاتووە، حساباتی نێوان هەرێم‌و عێراق لە 2004 بۆ 2020 پاكتاو دەكرێت، ئەوەش دوای وردبینیی لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق‌و هەرێم.

تێڕوانینی دژە كورد‌و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان‌و گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە بەهێزبووندایەو ئەو بێمتمانەییەی بەهۆی جێبەجێ نەكردنی ڕێككەوتنەكانی پێشووترەوە دروست بووە، باری سەرشانی هەرێمی قورستر كردووە.

لایەنە عێراقییەكان خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان دەزانن كە نەبوونی پارەیە بۆ مووچەو ناڕەزایی فراوانی شەقامی كوردیی لێكەوتووەتەوە، لەگەڵ خراپیی دۆخی دارایی حكومەتی ناوەند لە بەغداد، ناشیانەوێت وەك ساڵانی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكەن.