ئاگرەكەی هەڵەبجە كۆنترۆڵ نەكراوە؛ ژمارەی گیانلەدەستدان بوو بە دوو كەس

18-08-2025 03:10

پەرەگراف

ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێرە ئاگرێك لە سنووری گوند و شاخەكانی ‏‏هەڵەبجە كەوتووەتەوە و تا ئێستا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت. كەسێكی ‏‏دیكە لە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا گیانی لەدەست دا و ژمارەی ‏‏قوربانییەكان بوو بە دوو كەس.‏

كەمێك لەمەوبەر پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە گیانلەدەستدانی ‏‏كارمەندێكی لە ئاگرەكەی سنووری هەڵەبجە ڕاگەیاند و دەڵێت "كارمەندەكە ‏‏ناوی (محەمەد شێخ سدیق)ـە و لە ئاگرەكەی گوندی ‏مۆردین گیانی لەدەست ‏داوە".‏

ئێوارەی دوێنێش ژینگەدۆستێك بە ناوی ئاری موختار لە ‏كاتی هەوڵدان بۆ ‏كوژاندنەوەی ئاگرەكەدا گیانی لەدەست ‏دا.‏

جگە لە زیانە گیانییەكان، ئاگرەكە زیانی گەورەی بە ‏ژینگەی ناوچەكە ‏گەیاندووە، هەزاران دار و سەدان دۆنم ‏پووش و پەڵاش و ڕەز و باخی ‏ژمارەیەك گوند سووتاون.‏

بەهۆی بوونی پووش و پەڵاشی زۆر و هەڵكردنی با لە ناوچەكە، ئاگرەكە ‏‏تەشەنەی سەندووە و ناوچەیەكی فراوانی گرتووەتەوە، پاش زیاتر لە 24 ‏‏كاتژمێر نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت