عێراق و ئەمەریکا تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەن و تورکیاش ئامادەیە

18-08-2025 10:52

پەرەگراف

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ستیڤن فەیگن، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد کۆبووەوەو تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانیان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو کە زیاتر لە دووساڵە وەستاوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا، بەتایبەتی ڕۆڵی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان هەروەها کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، تاوتوێ کراوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان باسکراوە بۆئەوەی بتوانرێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە هەولێرو بەغداد ڕێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و تورکیاش ئامادەیی پیشانداوە تا لەڕێی بەندەری جەیهانەوە نەوتەکە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.

ئاڵپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند، بۆری عێراق-تورکیا لە ئۆکتۆبەری 2023ەوە بەتەواوی کاردەکات و ئامادەیە دەستبەجێ دەست بە پەمپکردن بکاتەوە بۆ هەناردەی نەوت و ئاماژەی ئەرێنیی لە عێراقەوە پێگەیشتووە بۆ دەستپێکردنەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ١٣ی ئەم مانگە ڕێككەوتنی لەسەر "میكانیزمی ‏هەناردەكردنەوەی نەوت" لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیاند و دەڵێت "50 هەزار بەرمیل ‏بۆ پێویستیی

ئەم پێشکەوتنە هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وزە لە نێوان هەولێر و بەغداد کە پرسی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی پێوەبەندەو مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕێی مووچەی مانگی شەش و حەوت دەکەن لە بەغداوە ڕەوانە بکرێت.