گۆڕان شوێنی سێ ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكەی خانەی ڕاپەڕاندن پڕدەكاتەوە

30-01-2021 07:14
سێ ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان

پەرەگراف

جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، بڕیاریدا شوێنی ئەو سێ ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەكە پڕبكرێنەوە كە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.

خانەی ڕاپەڕاندن باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە لەناو گۆڕان، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی سەرپەرشتی دەكات، لە ئێستادا لە كۆی حەوت ئەندامی خانەكە سیانیان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ڕەخنەو نیگەرانییەكانیان لە سیاسەت‌و ئەداو بەڕێوەبردنی گۆڕان.

جەلال جەوهەر، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی‌و شەماڵ عەبدولوەفا سكرتێری كاروباری باژێرەكان ئەو سێ ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانن كە دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو شوێنەكانیان پڕدەكرێتەوە.

دلێر عەبدولخالق، رێكخەری ژوری رۆژنامەوانی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكەی خستەڕوو، وتی: لە ڕۆژانی رابردودا سێ لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردووە، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا لە زوترین كاتدا پۆستە بەتاڵەكان و بەرپرسیارێتییە ڕێكخراوەییەكەیان لە خانە و ئۆرگانەكانی دیكە پڕ بكرێنەوە.

ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكەیان بە نامەیەكی فەرمی سوپاس‌و پێزانین ئاڕاستەی ئەو سێ ئەندامە دەستلەكار كێشاوەیە دەكات، وتیشی "ئەو سێ هاوڕێیەمان هاوكاری ئێمە بوون و بە هاوڕێی خۆمانیان دەزانین و دڵنیاین لە هەركوێبن لە بەرەی خزمەتكردن بە خەڵك دەبن".

بزووتنەوەی گۆڕان لەناوخۆیدا دابەشی دوو بەرە بووە كە هەڵوێست‌و تێڕوانینی جیاوازیان هەیەو بەرەیەكیان وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی هەرێم دەردەكەوێت، ئەو دۆخە وایكردووە فراكسیۆنی بەغدادی بزووتنەوەكە بەتەواوی لە گۆڕان دابڕاوەو پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد كە هەوڵی دەركردنیان لە بزوتنەوەكە دەدرێت.

هاوكات فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانیش بووە بە دوو بەشەوەو نیوەیان ناڕازیی‌و ڕەخنەگرن‌و پابەندی بزووتنەوەكە نین لە دەربڕینی هەڵوێستیاندا‌و بۆچوونیان نزیكە لە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد‌و لە چەند پرسێكدا پشتیوانییان بۆ یەكتریی دەربڕیوە.

گۆڕان تائێستا ویستوویەتی خاوەنداریی لە هەردوو ئاڕاستە ناوخۆییەكەی بكات، میدیای فەرمیی‌و نافەرمیی بزووتنەوەكە هەڵوێستە جیاوازەكانیشیان بڵاوكردووەتەوەو بایەخیان پێداون، بەڵام ئەگەر هەنگاو بە ئاڕاستەی دەركردنی فراكسیۆنی بەغدادی گۆڕان بچێتەسەر، ئەوا بزووتنەوەكە تووشی تەنگژەیەكی دیكەی ناوخۆیی‌و جەماوەریی دەبێتەوە.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان شەنوكەوكردنی ئەو دۆخە ناوخۆییەو گەڵاڵەكردنی هەڵوێست بووە، دلێر عەبدولخالق لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی: پێویستە هەموو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە پابەندی ستراتیژی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بن، گرتنەبەری هەر ڕێوشوینێكیش لە چوارچێوەی دەستوری ڕێكخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت كە چەتری كاری بزوتنەوەكەیە.

بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی گۆڕان، پەیوەست بووە بە دۆخی عێراق، ڕێكخەری ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەكە لەو بارەیەوە وتی: بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی نەگۆڕەو لەگەڵ ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدایە بەشێوەیەك مافە دەستورییەكانی هەرێم پارێزراوبێت و پێویستە هەرێمی كوردستان بۆ ئەگەری دووەم كە ڕێكنەكەوتنە، خۆی ئامادە بكات.

"پێویستە چاكسازی ڕیشەیی بكرێت و شەفافییەت لە داهاتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت و موچە لەكاتی خۆیدا بدرێت، چونكە خەڵكی ئێمە مافی خۆیەتی 30 ڕۆژ جارێك موچەی بەدەست بگات" دلێر عەبدولخالق وای وت.