هاوپەیمانان هێزەکانیان لە عێراقەوە بۆ هەولێر دەکشێننەوە

17-08-2025 02:36

پەرەگراف

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتیی ئەمریكا، دەست بە كشاندنەوەی هێزەكانی لە عێراق دەكات. سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراق دەڵێت "هێزەكان بۆ هەولێر دەگوازرێنەوە".

ئەمڕۆ یەكشەممە 17-08-2025، سەرچاوەیەكی حكومەتی عێراق بە كەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا دەست پێ دەكات. هێزەكان لە "بنكەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، دەكشێنەوە و بۆ هەولێر دەگوازرێنەوە".

ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت "ڕاهێنەرە سەربازییەكان لە عێراق دەمێننەوە و بوونیان پەیوەندیی بە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە نییە".

كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكدایە كە لەنێوان بەغداد و واشنتۆن واژوو كراوە. بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت هێزەكانی هاوپەیمانان تا كۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق بكشێنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەكان، ئیدارەی ئەمریكا حكومەتی عێراقی ئاگادار كردووەتەوە لە كشانەوەی سەدان سەرباز و كارمەندی ئەمریكی لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەدی پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق بەمنزیكانە.

نوێدەكرێتەوە...