پەرەگراف ئاشكرای دەكات؛ پەرلەمانتاران خۆیان ئامادە دەكەن بۆ پۆشینی جلوبەرگی حەشد لە كاتی دەنگدان بە پرۆژەیاساكەیدا
پەرەگراف
پەرەگراف نامەیەكی واتسئاپی دەستکەوتووە كە لە گروپی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دانراوەو تیایدا دەیان پەرلەمانتار پلانیان هەیە جلوبەرگی هێزەكانی حەشدی شەعبی بپۆشن لە میانەی دەنگدانی داهاتوودا لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایەی كە پێگەی فەرمی بەو گرووپە دەبەخشێت.
نامەكە كە پەرەگراف لە پەرلەمانتارێكەوە دەستیکەوتووە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبییەوە نێردراوە و داوای لە پەرلەمانتارانی پاڵپشتیكاری حەشد كردووە، ناو و قەبارەی جلوبەرگەكانیان ئاراستە بكەن، تاكو پێشوەختە جلوبەرگی حەشدیان بۆ ئامادە بكرێت و ناوەكانیان لەسەر جلەكان بنەخشێنرێت.
لە وەڵامی نامەکەدا، تائێستا زیاتر لە ٥٠ پەرلەمانتار ناویان نووسیوە كە پەرلەمانتاری فراكسیۆنە شیعەكانن. لە نامەكەدا وادەی ئەو دانیشتنە دیاری نەكراوە كە دەیانەوێت پرۆژەیاساكەی تێدا پەسەند بكەن.
ئەم هەنگاوە كە بۆ نیشاندانی پاڵپشتییە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و هەوڵێكە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكەی، بەڵام هێشتا ناتوانێت گرەنتیی ئامانجەكە بكات، بەوپێیەی ژمارەی پەرلەمانتارەكان كەمینەیە و زۆرینەی فراكسیۆنەكان بە تایبەت كورد و سوننە و تەنانەت بەشێك لە شیعەكانیش، بەهۆی لێكەوتە و مەترسییەكانی خۆیان لە دەنگدان بەو پرۆژەیاسایە دەپارێزن.
ئاشكراكردنی ئەو نامەیە لە كاتێكدایە كە واشنتن و لەندەن هۆشداریی توند دەدەن لەوەی كە بەفەرمیكردنی حەشدی شەعبی، مەترسیی لاوازكردنی دامەزراوە ئەمنییەكانی عێراق و قووڵكردنەوەی دەسەڵاتی گرووپە نزیكەكان لە ئێرانی لێ دەكەوێتەوە. لە ٥ی ئاب، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند كە پڕۆژەیاساكە "دانپێدانانی فەرمی بەو گروپە چەكدارانە دەبەخشێت كە پەیوەندییان بە هێرشكردنە سەر كارمەندانی ئەمریكاوە هەیە."
مشتومڕەكان دوای ڕووداوە خوێناوییەكەی ٢٧ی تەمووز لە بەغدا چڕتر بوونەتەوە، كاتێك چەكدارانی لیواكانی ٤٥ و ٤٦ی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا بەبێ مۆڵەت هەڵیانكوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەرخ و سێ كەسیان كوشت و چەندین كەسی دیكەیان بریندار كرد. لێكۆڵینەوەیەكی حكومەتی ئەو لیوایانەی بە گەندەڵی و هەبوونی پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ بەڕێوەبەری دامەزراوەكەدا تۆمەتبار كرد.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە وەڵامدا فەرماندە تێوەگلاوەكانی لە كارەكانیان دوورخستەوە و فەرمانی بە لێكۆڵینەوە لە سەركردایەتیی باڵای حەشدی شەعبی كرد و ئەنجامدەرانیشی بۆ دادگا بەڕێ كرد. هەردوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چوارچێوەی هەماهنگیی شیعەی عێراق ئیدانەی ڕووداوەكەیان كرد، كە بووە هۆی بەرزبوونەوەی داواكارییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی توندتری گرووپە چەكدارەكان.
پرسی حەشدی شەعبی، لێكەوتەی دیپلۆماسیشی بەدوای خۆیدا هێنا. لە ١٠ی ئاب، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیرفان سدیقیی باڵیۆزی بەریتانیای بانگهێشت كرد، دوای ئەوەی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو كە "ئەركی حەشدی شەعبی بە تێكشكاندنی داعش، كۆتایی هاتووە". بەغدا لێدوانەكانی ئەوی بە "پێچەوانەی نۆرمە دیپلۆماسییەكان و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆ" ناو برد.
ئەو نامە دزەپێكراوەی كە پەرەگراف بەدەستی هێناوە، ئاستی پشتیوانیی پەرلەمانی لە پڕۆژەیاساكە نیشان دەدات. بۆ لایەنگرانی، پڕۆژەیاساكە ڕێزگرتنە لە قوربانیدانەكانی حەشدی شەعبی لە شەڕی دژی داعشدا. بۆ ڕەخنەگرانیشی، مەترسیی چەسپاندنی هەژموونی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران و ئاڵۆزكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراقی لێ دەكەوێتەوە.
پێشبینی دەكرێت دەنگدانی داهاتووی پەرلەمان ببێتە خاڵێكی وەرچەرخانی سیاسیی گەورە، كە ئەنجامەكەی ئەگەری هەیە نەخشەی سیستمی ئەمنیی ناوخۆیی عێراق و پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانیدا دابڕێژێتەوە.