محەمەد تەمیم: ڕێككەوتنی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی كەركووك لەلایەن خودی بافڵ تاڵەبانییەوە واژوو كراوە
پەرەگراف
محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و سەركردەی سوننەى کەرکووک، ڕایدەگەیەنێت "ڕێككەوتنی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی كەركووك، لەلایەن خودی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتییەوە واژوو كراوە و شەوی 31-12-2025 ویلایەتی ڕێبوار تەها، پارێزگاری ئێستای كەركووك كۆتایی دێت".
محەمەد تەمیم لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی یەكێتی، ڕایگەیاندووە كە هیچ پرەنسیپێكی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لە كەركووك لەئارادا نییە. بۆیە جەخت دەكەینەوە كە لە وەرەقەی ڕێككەوتنی واژووكراودا ئەوە دیاری كراوە و ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا یان وەرەقەكەی نەبینیوە، یان ڕاستییەكان دەشارێتەوە".
ئەو سەركردەی سوننەی كەركووك جەخت دەكاتەوە كە هەموو لایەنەكانی بەشدار لە ئیدارەی خۆجێی كەركووك و ئەو لایەنانەش كە بەشدار نین، ئاگاداری وردەكاریی ناوەرۆكی ڕێككەوتنەكەن.
دوێنێ هەینی 15-08-2025، لەسەر هەمان پرس، دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە پێكهاتەی عەرەب ڕایانگەیاند "وەرەقەی ڕێككەوتنی سیاسیی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێی كەركووكمان لایە، كە گرنگترین بڕگەكانی بریتییە لە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگار و ئازادكردنی بێسەروشوێنكراوانی عەرەب لە زیندانەكانی هەرێمی كوردستان".
هەریەك لە زاهیر ئەنوەر عاسی و ڕەعد ساڵح، لە بەیاننامەیەكدا داوا لە لایەنە بەشدار و گرەنتیدەرەكان دەكەن كە بە بەرپرسیارێتیی خۆیان لەبارەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەوە هەستن. هۆشداریش دەدەن لە مەترسییەكانی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنەكە.
كاردانەوەكانی پێكهاتەی سوننە پاش ئەوە هاتن كە ئەحمەد كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، لە بەرنامەیەكی كەناڵی ڕووداودا ئامادە نەبوو دان بنێت بە بوونی ڕێككەوتن لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری كەركووك و بە پێشكەشكارەكەی وت: تۆ هیچ بەڵگەیەكی وات هەیە؟ دواتریش وتی: كۆتایی ساڵ وەڵامی پرسیارەكەت دەدەمەوە، كە مەبەستی وادەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكان بوو.
ئەو دوو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە پێكهاتەی سوننە كە بەشێكن لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی كەركووك، داوا لە یەكێتیی نیشتمانی دەكەن كە هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت لەبارەی ئەوەی "ئایا قسەكانی ئەحمەد كەركووكی هەڵوێستی كەسیی خۆیەتی یان ئاڕاستەی حزبییە؟".
ڕێككەوتنی پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی كەركووك و هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن، لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا لە بەغداد بوو.
شەوی 10-08-2024 لە هۆتێل ڕەشیدی بەغداد، پێنج ئەندامەكەی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و ئەندامەكەی كرستیان و سێ ئەندامی كوتلەی عەرەبی، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیان ئەنجام دا و ڕێبوار تەها سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییان بە پارێزگاری كەركووك هەڵبژارد. هاوكات محەمەد حافز لە كوتلەی عەرەبی بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا.
ئەو ڕێککەوتنە دواى زیاتر لە حەوت مانگ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک هات، کە لەو ماوەیەدا بەهۆی ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستەکان بەتایبەت پۆستی پارێزگار، پارێزگاری نوێ هەڵنەدەبژێردرا، یەکێتی و پارتی وەک دوو لایەنی کوردیی ناکۆکن و هەر یەکەیان دابەشی سەر بەرەیەکی جیاواز بوون.