وەزیری پەروەردەو پارێزگاری سلێمانی پڕۆژەیەكی خێرخوازیی جەلالی سام ئاغا بەسەردەكەنەوە
پەرەگراف
وێنەكان؛ پەرەگراف
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمو پارێزگاری سلێمانی، سەردانی جەلالی سام ئاغا كەسایەتی دیارو سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێریی داراییان كرد لە ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی، پاشان پێكەوە پڕۆژەی خێرخوازیی دروستكردنی باخچەیەكی ساوایانیان بەسەر كردەوە كە لەسەر ئەركی جەلالی سام ئاغاو خوشكێكی دروست دەكرێتو بۆ ئەو كارانەی سوپاسو ستایشیان كرد.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەریەكە لە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەو هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، بە یاوەری دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی سەردانی ماڵی جەلالی سام ئاغایان كرد.

هەریەكە لە وەزیری پەروەردەو پارێزگاری سلێمانی، لە دوو وتەدا سوپاسی كارەكانی جەلالی سام ئاغایان كرد لە پاكێتیی لەكاتی لێپرسراوێتییەكانیداو هەروەها لە هاوكاریكردنی كەرتی خوێندنو پەروەردە بە كارە خێرخوازییەكانی.
پاشان پێكەوە سەردانی باخچەی ساوایانی ئەختەری عومەری سام ئاغایان كرد لە گەڕەكی زەرگەتەی سلێمانی كە لەسەر ئەركی جەلالی سام ئاغاو ئەختەری خوشكی، بە تێچووی 400 هەزار دۆلار لەسەر ڕوبەری 1800 مەتر دووجا زەویی، دروست دەكرێتو پێشكەشی كەرتی پەروەردە دەكرێت تا بخرێتە خزمەتی منداڵانی ئەو ناوچەیە.
باخچەكە لە ڕێكەوتی 6-7-2020 دەستكراوە بە كاركردن تێیداو ماوەی 270 ڕۆژ دیاری كراوە بۆ تەواو كردنیو بەردەوام كاری تێدا دەكرێت.

بەرلەو باخچەی ساوایانە، جەلالی سام ئاغاو بنەماڵەكەی چەندین كاری دیكەی خێرخوازییان ئەنجامداوە كە كۆی گشتی بە دەوروبەری ملیۆنێكو 700 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ساڵی 2018 جەلالی سام ئاغا قوتابخانەیەكی خێرخوازیی دروست كردو ڕادەستی پەروەردەی كرد وەك هاوكاریكردنی كەرتی خوێندن. قوتابخانەكە بە ناوی زەكیەی سام ئاغای بنەڕەتی لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی لەسەر حەوت هەزار مەتر زەویی دروستكراوە، 3 هەزار مەتری بینایەو ئەوەی دیكەی باخچەیە، 12 پۆل لە خۆدەگرێتو بە تێچووی نزیكەی 700 هەزار دۆلارو بە نوێترین شێوازی ئەندازیاریی سەردەم دروست كراوە.
جەلالی سام ئاغا سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییەو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵیو سەرپێچی یاسایی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵیو سەرپێچی یاساییو ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.
ساڵی 2010 كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی بوو، پڕۆژەی بەخشینی خەڵاتێكی ساڵانەی دامەزراند بۆ خانمی سەلارو فەرمانبەری نمونەیی دیوان، بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ بەخشینی خەڵاتەكە، جەلالی سام ئاغا پارچە زەوییەكی 200 مەتریی موڵكی خۆی فرۆشتووە بە زیاتر لە 70 ملیۆن دینارو پارەكەی لە بانك داناوە بە چەند مەرجێك كە تەنها بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بەكاربهێنرێتو خاوەندارێتی ئەو حسابە بەناوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی تۆماركراوە، ساڵانە لەسەدا 90ی قازانجی ئەو بڕە پارەیە دەبەخشرێت بۆ خەڵاتەكەو سەدا 10ی دەچێتەوەسەر پارە دانراوەكە لە بانك.
جەلالی سام ئاغا كاتێك سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بوو وە پێشتریش كە بریكاری وەزارەتی دارایی بووە، لە هەردوو پۆستەكەدا سەرجەم ئیمتیازاتەكانی ڕەتكردووەتەوە، هەرلە وەرگرتنی ئۆتۆمبێلو پاسەوان، هەروەها بۆ كەمكردنەوەی خەرجیی حكومەت داوایكردووە موچەی سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكان كەمبكرێنەوەو بۆئەوەش یەكەم كەس لە خۆیەوە دەستیپێكردووە.
كاتێكیش خانەنشین بووە بە پلەی وەزیر، بۆی هەبووە وەك هەر وەزیرێكی دیكە پاسەوانو ئۆتۆمبێلو شۆفێری هەبێت، بەڵام جەلالی سام ئاغا هەموو ئەوانەی ڕەتكردووەتەوەو لەكاتی خۆیشیدا لە ڕۆژنامەدا بڵاویكردووەتەوە كە ئیمتیازاتی خانەنشینیی وەرناگرێت.
هەروەها جەلالی سام ئاغا ئەو خانووەی ئێستا تێیدا دەژی لە گردی سەرچناری سلێمانی كردوویەتی بەناوی وەزارەتی تەندروستییەوە، بۆئەوەی دوای كۆچی دوایی خۆی بكرێت بە نەخۆشخانەی گشتیو پێشكەشی كەرتی تەندروستی كردووە، هەروەها تەواوی ناوماڵەكەیی بەخشیوەتە بنكەی ژین بۆ بەڵگاندنو توێژینەوە.
ماڵەكەی جەلالی سام ئاغا بووەتە شوێنی كۆكردنەوەی بیرو بۆچوونە جیاوازەكانو حیزبو لایەنە ناكۆكەكان، تەنانەت بۆ ڕێككەوتنو بەستنی هاوپەیمانێتیش سەركردەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی پێشووی هەرێم (عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، بەرهەم ساڵح سەرۆكی ئەوكاتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری) لەو ماڵەدا لەو ماڵەدا كۆبوونەتەوە بە مەبەستی لێكنزیكبوونەوە، هاوكات جەلال تاڵەبانی سەرۆككۆماری پێشووی عێراقو سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كاتی خۆی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی باڵای حكومیو حیزبیدا سێ جار سەردانی جەلالی سام ئاغایان كردووە هەرلەو ماڵەدا.
لە بەرامبەر هاوكارییەكانی جەلالی سام ئاغا بۆ كەرتی پەروەردە، ساڵی 2019 وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان، لەماڵەوە سەردانی كردو خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشی لەپای هەوڵەكانی ئەو كەسایەتییە بۆ خزمەتی كەرتی پەروەردە، جگە لە سەردانی چەندین بەرپرسی دیكەی حكومی بۆ ماڵەكەی لە سلێمانی بە مەبەستی سوپاس كردنی، چەندجارێكیش داوای لێ كراوە سەردانی هەولێر بكات تا بە فەرمییو لە ئاستی باڵادا پێشوازیی لێ بكرێتو سوپاس بكرێت، بەڵام ئەو بەباشی نەزانیوە ئەو سەردانانە ئەنجام بدات.
سەردانی پشتیوان سادق وەزیری پێشووی پەروەردە بۆ ماڵی جەلالی سام ئاغا، ساڵی 2019.
كارە خێرخوازییەكانی ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشووی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە، زۆربەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان زۆرترین ڕەخنەو ناڕەزاییان لەسەرە لەلایەن خەڵكەوە، پەنجەی تۆمەتی گەندەڵیی زەبەلاحیان بۆ ڕادەكێشرێتو كەمترین دەستیان هەبووە لە كاری خێرخوازییو خزمەتگوزاریی بۆ كەرتە جیاوازەكانی حكومەت لەسەر ئەركو بە تێچووی خۆیان.