پەرەگراف
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو.
"هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشك" بارزانی، سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا وادەڵێت.
ئەو پەیامە دوای ئەوەدێت بەرهەمهێنانو بڵاوكردنەوەی دوو فیلم لە ئێران لەبارەی هاوكاریی ئێرانییەكان لە پاراستنی هەولێر لە دەست داعش، پارتیی تووڕەو نیگەران كرد، بەوپێیەی لە فیلمەكاندا كارەكتەری بارزانی لەلایەك وەك كەسایەتییەكی لاواز پیشاندراوەو لەلایەكی دیكە باسلە "پەیوەندیی نێوان بارزانیو ئەبوبەكر بەغدادی" دەكات.
هەرلە كاردانەوەی فیلمە ئێرانییەكاندا، دوێنێ نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، ئاژانسی فارسی ئێران ھەوڵیداوە ڕاستییەکان بشێوێنێت و وتی: ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بەخۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دادەنێین، هەروەها بە سووكایەتیكردن بە قارەمانییەتیی پێشمەرگە وخوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمان كاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین.
دەقی پەیامەكەی بارزانی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت. ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە.
كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی
پێشمەرگەیان داوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.
مسعود بارزانی
٢٧ـی كانوونی دووەمی ٢٠٢١