داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بۆ پێنج هێندەی پێشوو بەرز بووەتەوە

25-07-2025 02:04

پەرەگراف

جیاوازیی گەورە لە داهاتی سنووری سلێمانی بەر لە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا ‏و دوای ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا دروست دەبێت. داهاتی هەفتەی دوای ‏ڕێككەوتنەكە پێنج هێندەی داهاتی هەفتەی بەر لە ڕێككەوتنەكەیە. ئەمە ‏جگە لە ڕوودانی گۆڕانكاری لە بڕی داهاتی هەفتەكانی پێشوو دوای ‏بڵاوكردنەوەیان.‏

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی ئەم هەفتەیەی سنووری سلێمانی ‏بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو، بە ڕێژەی لەسەدا 411 بەرز بووەتەوە، بەڵام 80 ملیاری مەقاسەیە و تەنیا حەوت ‏ملیاری نەختینەیە. ئەم بەرزبوونەوە هاوكاتە لەگەڵ ڕێككەوتنی نێوان ‏هەرێم و بەغدا كە بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت هەرێم زیاتر لە دوو ‏هێندەی جاران داهاتی نانەوتی ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات.‏

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕی شەفافیەت كە فەرمییە، داهاتی پارێزگاكانی ‏سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە 12 بۆ 18ـی ئەم ‏مانگە، 17 ملیار و 52 ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە هەفتەی 19 بۆ 25ـی ‏مانگدا، داهاتەكە بۆ 87 ملیار و 229 ملیۆن دینار بەرز بووەتەوە.‏

ڕوون نییە ئەو داهاتە بەهۆی چییەوە بەو ڕێژە گەورە بەرز بووەتەوە، ‏بەوپێیەی ماڵپەڕەكە هیچ وردەكارییەك لەبارەی داهاتەكانەوە ئاشكرا ناكات ‏و نازانرێت هەر بەڕێوەبەرایەتییەك داهاتەكەی چەندە.‏

جگە لە بەرزبوونەوەی گەورەی داهاتی ئەم هەفتەیە، ماڵپەڕی شەفافیەت ‏گۆڕانكاریی لە داهاتی هەفتەی ڕابردوویشدا كردووە و بۆ دوو هێندە زیادی ‏كردووە. لە 18ـی تەمووزدا ماڵپەڕەكە بڵاوی كردەوە كە داهاتی ئەو ‏فتەیەی تێپەڕیوە (12 بۆ 18ـی تەمووز)، نۆ ملیار و 124 ملیۆن دینار ‏بووە، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەیەی بۆ 17 ملیار و 52 ملیۆن دینار بەرز ‏كردووەتەوە.‏

لە داهاتی هەفتەی دووەمیشدا (5 بۆ 11ـی تەمووز) گۆڕانكاری ڕووی داوە، ‏سەرەتا ماڵپەڕەكە داهاتی ئەو هەفتەیەی بە (شەش ملیار 743 ملیۆن ‏دینار) بڵاو كردەوە، بەڵام دواتر بۆ (حەوت ملیار و 831 ملیۆن دینار) ‏گۆڕاوە.‏

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕەكە، داهاتی هەفتەی كۆتایی مانگی پێشوو و سەرەتای ‏ئەم مانگە (28ـی حوزەیران بۆ 4ـی تەمووز)، شەش ملیار 743 ملیۆن ‏دینار بووە.‏

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، حكومەتی هەرێم ڕۆژی 22ـی ئەم ‏مانگە 120 ملیار دیناری وەكوو داهاتی نانەوتی ڕادەستی عێراق كرد، ‏مانگەكانی پێشتر هەرێم دەوروبەری 50 ملیار دیناری بۆ بەغدا دەنارد.‏