مەسرور بارزانی: ئەو دەنگانە لە کوێن کە دەیانگوت مووچە بچێتەسەر بەغداد کێشەمان نامێنێت و لەکاتی خۆیدا دەدرێت
پەرەگراف
مەسرور بارزانی باسی هاتنی مووچەو دۆخی دارایی هەرێم دەکات و دەڵێت، دەیانەوێت سزای سەرکەوتنی ئێمە بدەن، دەشڵێت، ئەو دەنگانە لە کوێن کە دەیانگوت مووچە بچێتەسەر بەغداد کێشەمان نامێنێت و لەکاتی خۆیدا دەدرێت.
"نازانم لە کوێن و بۆ بێدەنگن؟ ئەگەر قسەش بکەن پاساو دەهێننەوە کە بۆ عێراق مووچەی دواخستووە لە جیاتی ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوەو داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن" سەرۆکی حکومەت لە وتاری کردنەوەی قۆناغی یەکەمی پڕۆەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر وای وت.
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ڕێککەوتوون لەسەر ڕادەستکردنی ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەو ١٢٠ ملیار دینار داهاتی مانگانە بۆ بەغداد، وتیشی: خاڵێکیان زیاد کردووە کە تا ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە وەرنەگرن مووچە نانێرن، لەلایەکی دیکەشەوە تیرۆریستەکان کێڵگەکانمان بە درۆن بە ئامانج دەگرن و بەرهەمی نەوت ناهێڵن، ئێ ئەمە چۆن دەکرێت؟ ئێمە ئامادەین سەرجەمی نەوت لەڕێی بەغداوە هەناردە بکەین بجگە لە پێویستی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ. چاوەڕێی بەغداین سزادانی بە کۆمەڵ و نادەستوورییە و بڕینی مووچە کۆتایی بێت.
سەرۆکوەزیران پێیوابوو ئەوەی بەغداد بەرامبەر هەرێم دەیکات، "سزادانی پێشکەوتنەکانی" هەرێمە، وتی: لەجیاتی ئەوەی چاو لە ئێمە بکەن بۆ خزمەتی هاوڵاتیان دێن هاوڵاتیان سزا دەدەن و مووچەیان دەبڕن، ئێمە ئامادەین ئەزموونی خۆمان بخەینە خزمەتی عێراق بۆئەوەی بزانن چۆن خزمەتی هاوڵاتیان بکەن.
جەختیشی کردەوە، تێگەیشتنی هەرێم بۆ ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بەپێی دەستوورە کە دەبێت لەسەدا ٥٠ی داهاتە فیدراڵییەکان ڕادەست بکرێت، "هەمیشە پابەند بووین و ئەم ئەرکەمان جێبەجێ کردووە، جگە لەو کاتانەی حکومەتی فیدراڵ مووچەی نەناردووە یاخود کەمی ناردووە. پابەندین بە جێبەجێکردنی هەر ئەرکێکی دەستووریی کە دەوێتەسەر حکومەتی هەرێم، بەڵام ئامادەنین واز لە مافە دەستوورییەکانمان بهێنین. ئەو پەڕی نەرمیمان پیشانداوە بۆئەوەی خەڵک لەژێر فشاری مووچەدا نەمێنێت. ئەوەی ئێمە دەیکەین تەنها لە پێناو سەربەرزیی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە".