مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا: حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکان بنێرێت

19-07-2025 01:54

پەرەگراف

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کۆبوونەوەو چوار تەوەری سەرەکییان تاوتوێ کرد لەبارەی مووچەو شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەی نەوت و هێرشی درۆنەکان بۆسەر کێڵگەکانی نەوت لە هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، مەسرور بارزانی دەڵێت، لەکۆی ئەو پرسانەدا هاوڕابوون لەگەڵ ئەمەریکییەکان. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ پێشوازیی لە باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کردو دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەیان تاوتوێ کرد.

مەسرور بارزانی دەڵێت، باڵیۆز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە، "هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە نزیکترین کاتیشدا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە".

"هەروەها دەبێت هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێم بوەستێت. هەروەها هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت" مەسرور بارزانی وادەڵێت.