پەرلەمانی عێراق لەسەر هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێم کۆدەبێتەوە

19-07-2025 01:14

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی دووشەممە دانیشتنێکی تایبەت بە دوو دۆسیەی هەنووکەیی ئەنجام دەدات. دانیشتنەکە تەنیا بۆ "گفتوگۆی گشتی"یە.

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، لە تەوەری یەکەمدا گفتوگۆ دەربارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کووت دەکرێت کە تێیدا زیاتر لە 60 کەس گیانیان لەدەست دا.

لە تەوەری دووەمدا، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ دەربارەی "هێرشە تیرۆریستییە درۆنییەکان" بۆ سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکات.

مۆتەكەی درۆنە بۆمبڕێژكراوەكان كە لە كات و دۆخێكی هەستیاردا سەریان هەڵدا، لە ماوەی سێ ڕۆژدا كۆمپانیاكانی ناچار بە ڕاگرتنی نزیكەی دوو لەسەر سێی بەرهەمهێنانی نەوت كرد و بوو بە هەڕەشەی جیددیش بۆ سەر بەشەكەی دیكە. ئێستا هەرێمی كوردستان نەوتی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ پابەندبوون بەو لێكتێگەیشتنەوە كە لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داوە و ئەمەش لەمپەرێكی دیكەیە لەبەردەم خەرجكردنی مووچەدا، بەڵام درۆنەكان زیاتر لە 24 كاتژمێرە دەنگیان نەماوە.

ئەمە یەكەم جارە هێرشی درۆنیی زیاندار دەكرێتە سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم. بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، درۆنە بۆمبڕێژكراوەكان "زیانێكی زۆر"یان بە ژێرخانی كێڵگە نەوتییەكان گەیاندووە. حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "زیانێكی زۆری ماددی بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووە".

لە ٣٠ـى حوزەیرانەوە هێرشى درۆنى بۆ سەر هەرێمى کوردستان دەستى پێ کردووە، بەڵام لە ١٤ـى تەمووزەوە کێڵگە نەوتییەکان کرانە ئامانج. نزیکەى ١٥ هێرش ئەنجام دراون، حەوت هێرشیان بە نۆ درۆن کێڵگە نەوتییەکانیان بەئامانج گرتووە: خورمەڵە یەک هێرش بە دوو درۆن، پیشخاپوور یەک هێرش بە دوو درۆن، تاوکێ دوو هێرش بە دوو درۆن، هاند ئۆیڵ دوو هێرش بە دوو درۆن، سەرسەنگ یەک هێرش بە یەک درۆن، ئەمە جگە لە کەوتنە خوارەوەى چەندین درۆن لە ناوچەى بێ ئامانج.

بەپێی بەدواداچوونێكی پەرەگراف، لە كۆی هەشت ناوچەی گرێبەستی نەوتی كە لە کاردا بوون و نۆ كێڵگەن، پێنجیان هێرشیان كراوەتە سەر. ئەو كێڵگە نەوتییانەی كە كراونەتە ئامانج، بە هەموویان زۆرینەی بەرهەمی نەوتی هەرێم پێك دەهێنن. هەر مەترسیی ئەو هێرشانە وای كردووە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەندێك كێڵگەی دیكەش ڕابگیرێت.