فراکسیۆنی گۆڕان: دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابین کە گۆڕانی لە پێناودا دامەزراوە

16-01-2021 09:32
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق

پەرەگراف

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابن کە وەک گرێبەستینێوان ئەوان و خەڵک وایە و لەسەرەتاوە گۆڕانی لە پێناودا دامەزراوە.

فراکسیۆنەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ھەڵوێستی لەسەر چەند پرسێک ڕاگەیاندو دەڵێت "نابینە پارێزەری خەڵکی لادەر و، بەردەوام دەبین لەنوێنەرایەتی کردنی راستەقینەی جەماوەری گۆڕانخواز و ناڕازیی کوردستان کە ئێمە شەرعییەتمان لەوان وەرگرتوە".

ئەوە لەکاتێکدایە، پەرەگراف دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئاشکرایکرد، لە پێشهاتێكی نوێی ناوخۆیی گۆڕاندا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای ئەوبزووتنەوەیە هەوڵێكیان دەستپێكردووەو دەیانەوێت گۆڕان بە فەرمیی خۆی بێبەریی بكات لە فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی عێراق‌و ئەو 5 پەرلەمانتارەی بەغدادیان دەربكرێن.

دەقی ڕاگەیەندراوی فراکسیۆنی گۆڕان

ئەمڕۆ شەممە، فراکسێۆنیی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبونەوەی مانگانەی ئاسایی خۆی سازکرد.

لەو کۆبونەوەیەدا فراکسێۆن جەختی کردەوە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1. هەمو هەوڵێکی فراکسێۆنی گۆڕان وەک پێکهاتەیەکی کاریگەری ناو هاوپەیمانیی هیوای کوردستانی چالاککردنی رۆڵی نوێنەرایەتیە لەئاست کاری پێکەوەییدا و رێگرتنە لە هەر قۆرخکارییەکی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق کە حزبێک یان ئاراستەیەکی سیاسیی ناو هەرێمبیەوێت  بەناوی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانەوە و لەسەر حسابیی خەڵکی هەرێم، ئەجێندا حزبیی و شەخسی و عائیلیەکانیان جێکەوتبکەن.

2. دەربارەی پڕۆژە یاسای موازەنەی فیدڕالی بۆ ساڵی 21، فراکسێۆنی گۆڕان بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە رایدەگەیەنێت کە لەگەڵ ئەوەدایە چیترلە پاڵ تاڵانکردنی داهاتەکانی کوردستاندا بەتایبەت داهاتی نەوت خەڵکی کوردستان بێموچە و بێ بودجە نەکرێ بەناوی دروشمی موزەییەفو، کاتی ئەوە هاتوە نەوتی خەڵکی کوردستان ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە کێشەی پشکی هەرێم لە موازەنەی فیدراڵیدا، نەک هەرزانفرۆش وتاڵانفرۆش بخرێتە خزمەتی دەوڵەتان و حزب و خێزانە سیاسیەکان.

3. فراکسێۆن جارێکی تر جەخت لە بەرجەستەکردنیی ئازادییە گشتیەکان دەکاتەوە لە هەرێمی کورستان و بەردەوامە لە فشار وبەدواداچونەکانی لەسەر دۆسێی دەستگیرکراوەکانی ژیر دەسەڵاتی زۆنی زەرد و سەلامەتیی گیانی هەمو ئەو رۆژنامەنوس و مامۆستا وچالاکوانانە دەخاتە ئەستۆی حزبی دەسەڵاتداری ئەوێ. هەروەها بەردەوامین لە فشار کردن بۆ لێکۆڵینەوە لە بکوژانی شەهیدانیخۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردو لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەدادگایی گەیاندنیان.

4. هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و تۆمەتبەخشینەوە بە شیوەیەکی رێکخراو و هاوبەش لە لایەن پارتی و هاوئاوازەکانییەوە دژی هاوپەیمانیی هیوا بەگشتی و فراکسێۆنی گۆڕان و ئەندامانی بە تایبەتی بەرێوەدەچێت، ئێمە لە کاتێکدا هۆشداری دەدەین لەوەی بەوردی ئاگاداری سەفقە وپیلانەکانیانین، ئاگاداریشیان دەکەینەوە کە هەرگیز و لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری ئەو ئامانجانە نابین کە وەک گرێبەستی نێوان ئێمەو خەڵک وایە و لەسەرەتاوە گۆڕانی لە پێناودا دامەزراوە.

5. فراکسێۆن بێباکی خۆی لە هەمو ئەو هەوڵ و هەنگاوە هاوبەشانەی بەرەی دەسەڵات دەخاتە ڕوو کە بەرامبەر فراکسیۆن دەیگرنە بەر،ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو قەناعەتە سیاسیانەن کە لە سەرەتای گۆڕانەوە وەک بەڵێنی سیاسیی بەخەڵکمانداوە و لە دەرەوەی بەرژەوەندیگشتی نابینە پارێزەری خەڵکی لادەر و، بەردەوام دەبین لە نوێنەرایەتی کردنی راستەقینەی جەماوەری گۆڕانخواز و ناڕازیی کوردستان کەئێمە شەرعییەتمان لەوان وەرگرتوە.

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

16/ 1/ 2021