پەیامی مەسروور بارزانی لەبارەی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا

17-07-2025 02:25

پەرەگراف

مەسروور بارزانی پێشوازی لە پەسەندكردنی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەیران عێراقەوە دەكات و دەڵێت "چاوەڕوانین حكومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت".

لە پەیامێكدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ 17-07-2025 بڵاوی كردەوە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "دەبێت كۆتاییش بەو هێرشانە بێت كە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش كێڵگە نەوتییەكان. هیوادارین حكومەتی فیدراڵ هاوكار بێت لە دۆزینەوەی ئەو تێكدەرانە و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە دژیان".

پەیامێك لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە:

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی و كەمكردنی فشار لە سەر خەڵكی كوردستان، هەموو نەرمییەكی نواند و پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ كرد و دوای هەوڵ و گفتوگۆیەكی زۆر ، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیش ، ڕەزامەندی لەسەر لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ دا. پێشوازیی لەو هەنگاوە دەكەین و چاوەڕوانین حكومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

پێزانینێكی زۆرم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵكی كوردستان هەیە ، هەروەها سوپاسی ماندووبوونی هەموو كەس و لایەنێكیش دەكەم كە هەوڵیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە داوە و بەردەوام هاوكار و پاڵپشتمان بوون. هیوادارم مووچە و شایستە داراییەكان، كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە ، چیتر تێكەڵی هیچ كێشە و ناكۆكییەك نەكرێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بە ڕێزگرتن لە ڕێككەوتنەكان، كێشەكانمان چارەسەر بكەین.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 2025/7/17