ئەمریکا بۆ دووەم جار ئیدانەی هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكات

17-07-2025 12:42
شوێنەوارى هێرشە درۆنییەکەی بەیانیی ١٦-٠٧-٢٠٢٥ بۆ سەر کیڵگەیەکی نەوت لە زاخۆ. فۆتۆ؛ دژەتیرۆری پارتی

ئەمریكا بۆ دووەم جار "بە توندی" ئیدانەی هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هۆشداری دەدات كە هێرشەكان "سەقامگیری و داهاتووی ئابووریی عێراق دەخەنە مەترسیبەوە".

تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت "ئەركی حكومەتی عێراقە كە خاك و تەواوی هاووڵاتیانی بپارێزێت". تیشك دەخاتە سەر ئەوەش كە "ئەم هێرشانە ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییانە دەكاتە ئامانج كە لەگەڵ عێراق لە كاردان بۆ وەبەرهێنان لە داهاتووی عێراقدا".

تامی بروس جەخت دەكاتەوە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوامە لە پابەندبوونی خۆی بە هاوبەشانمان لە سەرانسەری عێراق، كە كار دەكەن بۆ بونیادنانی دەوڵەتێكی سەقامگیر و فیدراڵی و سەروەر".

پێشتریش كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ڕایگەیاند ‏‏"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركۆنەی ئەو ھێرشە درۆنییانەی ئەم ‏دواییە دەكات لە سەرانسەری ‌وێراقدا، بە ھێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی گرنگی كێڵگە نەوتییەكانی ھەرێمی كوردستانی عێراقیشەوە".‏

ئەمریكا جەخت دەكاتەوە "پێویستە حكومەتی عێراق پیادەی ‏دەسەڵاتی خۆی بكات بۆ ڕێگریكردن لە لایەنە چەكدارەكان لە ئەنجامدانی ئەو ‏ھێرشانە بۆ سەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە كە كۆمپانیا ‏عێراقی و نێودەوڵەتییەكان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا كردووە".‏

ئەمریكا هێرشەکان بە "قبووڵنەكراو و ھەڕەشە بۆ سەر ‏سەروەریی عێراق" ناو دەبات  و دەشڵێت ‏"ھانی حكومەتی عێراق دەدەین لێكۆڵینەوە بكات، تا بزانێت كێ لە پەنای ‏ھێرشەكانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بكاتەوە".‏