پەرەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا بڕیار لەسەر لێكتێگەیشتنە نوێیەكەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دەدات. بەزوویی هەناردەی نەوت و ناردنی مووچە دەست پێ دەكەنەوە.
كۆبوونەوەكە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت و تێیدا گفتوگۆی ورد دەربارەی ئەو لێكتێگەیشتنە نوێیە دەكرێت كە سەبارەت بە "ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی هەرێم" هاتووەتەوە ئاراوە.
پاش ئەوەی دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لێكتێگەیشتنەكەی پەسەند كرد و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی، چاوەڕێ دەكرێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش ئەمڕۆ هەمان بڕیار بدات.
بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە كە بڕیارە دواتر ڕێككەوتنی بەدوادا بێت، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا دەكات، لە بەرانبەر ناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم.
بڕیارە لێكتێگەیشتنەكە بەزوویی جێبەجێ بكرێت و هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە، حكومەتی عێراقیش مووچەی "ئەم چەند مانگە"ـی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بكات كە تا ئێستا نەدراوە.
دوێنێ ١٦-٠٧-٢٠٢٥، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنێكی نوێ لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی هەرێم" هاتە ئاراوە و ئەنجومەنى وەزیران "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە"، لە کۆبوونەوەیدا پێشوازیی لەو لەیەكترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەیرانی هەرێم، ئەو لێكتێگەیشتنە پێرێ سێشەممە لە بەغدا هاتووەتە ئاراوە و لە كۆبوونەوەی دوێنێى ئەنجومەنی وەزیراندا لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە وردەكارییەكەی خراوەتە ڕوو.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت "بڕیارە لە حكومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت".
ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان هەرێم و بەغدا، پاش سەردانى ئێوارەى سێشەممە ١٥-٠٧-٢٠٢٥ـى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى بۆ بەغدا دێت، کە لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە.
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو لێكتێگەیشتنەى لەسەر ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتى و ناردنی مووچە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ كراوە، "سەرەتاییە" و دواتر هەردوو حكومەت دەچنە ناو "ڕێككەوتنێكی فراونتر"ـەوە.
پێشەوا هەورامانی بۆ ماڵپەری كوردستان24 دەشڵێت "وەكوو دەستپێك، حكومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدات".