پەرەگراف
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە "زیانێكی زۆر" بە ژێرخانی كێڵگە نەوتییەكان گەیشتووە. وەزارەتەكە بانگەواز ئاراستەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە "بە زووترین كات" بێنە سەر خەت بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان.
لە ماوەی 35 كاتژمێردا زنجیرەیەك هێرش بە درۆنی بۆمبڕێژكراو كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانیان بەئامانج گرتووە. ئەمە یەكەم جارە هێرشی درۆنیی زیاندار دەكرێتە سەر كێڵگە نەوتییەكان و پێشتر تەنیا كێڵگەی غازی كۆرمۆر بەهۆی ئەو جۆرە هێرشانەوە زیانی پێ گەیشتووە.
پاش هێرشە درۆنییەكانی شەوی دووشەممە بۆ سەر كێڵگەی خورمەڵە و بەیانیی سێشەممە بۆ سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ، بەیانیی ئەمڕۆیش هێرشی هاوشێوە كرایە سێ كێڵگەی دیكەی نەوتی هەرێم.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دەڵێت "كێڵگەكانی نەوتی تاوكێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆك، بە درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشان كراوەتە سەر".
وەزارەتەكە لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە هێرشەكان زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام ڕایدەگەیەنێت كە "زیانێكی زۆر بەر ژێرخانی كێڵگەكان كەوتووە".
زۆرینەی ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی تەقینەوە و كەوتنەوەی ئاگری گەورە لە كێڵگە نەوتییەكان و ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە بەشێكیان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرباری "بە تووندی ئیدانە و شەرمەزاركردن"ـی هێرشەكان و بە "تیرۆیستی" ناوبردنیان، بانگەوازیش ئاراستەی "هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" دەكات، كە "بە زووترین كات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی كارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریكردن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی وزەی كوردستان".
وەزارەتی سامانەی هەرێم پێی وایە مەبەست لە هێرشەكان "لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتی كارمەندانی مەدەنیی كەرتی وزە". جەختیش دەكاتەوە كە "هەموو هەوڵێك بۆ پاراستنی گیانی كارمەندانی كەرتی وزە و پێگەی ستراتیژیی خۆی لە دابینكردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەكە و جیهان" دەدات.
هێرشە درۆنییەكانی ئەم دوو ڕۆژە ژمارەیەك كێڵگەی نەوتی هەرێمیان بەئامانج گرتووە كە لە ئێستادا نزیكەی هەموو نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن.
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت كە مانگی ڕابردوو بڵاو كرایەوە، كێڵگەكانی (خورمەڵە، سەرسەنگ، عین سفنی (شێخان)، تاوكێ و پێشخابوور) كە بەئامانج گیراون، بە هەموویان لە ئێستادا 247 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمیان هەیە، لەكلتێكدا كۆی بەرهەمی نەوتی هەرێم 300 هەزار بەرمیلە.