وتەبێژى حکومەتى هەرێم: لێکتێگەیشتنى سەرەتایى کراوە و مووچەى ئەم چەند مانگە دێت

16-07-2025 12:26

پەرەگراف

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنەى لەسەر ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتى و ناردنی مووچە لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ كراوە، "سەرەتاییە" و دواتر هەردوو حكومەت دەچنە ناو "ڕێككەوتنێكی فراونتر"ـەوە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەری كوردستان24 دەشڵێت "وەكوو دەستپێك، حكومەتی فیدراڵی مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدات".

ئەمڕۆ ١٦-٠٧-٢٠٢٥، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، لێكتێگەیشتنێكی نوێ‌ لەسەر "دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی هەرێم" هاتە ئاراوە و ئەنجومەنى وەزیران "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە"، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا پێشوازیی لەو لەیەكترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەیرانی هەرێم، ئەو لێكتێگەیشتنە دوێنێ‌ لە بەغدا هاتووەتە ئاراوە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە وردەكارییەكەی خراوەتە ڕوو.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەشڵێت "بڕیارە لە حكومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت".

ئەو لێکتێگەیشتنەى نێوان هەرێم و بەغدا، پاش سەردانى ئێوارەى دوێنێى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى بۆ بەغدا دێت، کە شەوى ڕابردوو لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆ دەربارەی "ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و ‏نانەوتیی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كراوە".‏

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەشڵێت "هەروەها باس لە ‏گرنگیی هەماهەنگی و كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە هاوبەشەكان كرا، بەپێی ‏دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان و بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی".‏