پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی بۆ گفتوگۆ لەسەر چارەسەری كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوت و مووچە، بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و هەر ئەمشەو لەگەڵ سوودانی كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتی بۆ بەغدا، لە كۆبوونەوە باڵاكەی دوێنێی نێوان پارتی و یەكێتی بە ئامادەیی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، بڕیاری لەسەر دراوە، وەكوو هەوڵێكی نوێ بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، پاش ئەوەی دانوستانەكانی شاندی حكومەتی هەرێم بێ ئەنجام بوون".
لەگەڵ گەیشتنی بە بەغدا، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كۆبووەوە. ئێستایش لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەدایە. بڕیارە سبەینێش زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە باڵاكانی عێراق ئەنجام بدات.
سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف ڕاگەیاند "دۆزینەوەی چارەسەرێكی خێرا و هاوبەش بۆ كێشەكان لەسەر بنەمای مەرج و پێشنیازەكانی هەولێر و بەغدا، بە جۆرێك كە هەردوولا ڕازی بكات، ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی یەكێتییە".
ئێوارەی ئەمڕۆ میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە كە هەولێر و بەغدا "نزیكن لە ڕێككەوتن" لەبارەی قەیرانی مووچەی هەرێمی كوردستان. كەناڵی (UTV)ـی عێراقی دەڵێت "لێكتێگەیشتن لەسەر زۆربەی خاڵە ناكۆكەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی كراوە". كەناڵی فەلوجەش دەڵێت "دەرچوون لە قەیرانی مووچەی هەرێمی كوردستان ئەم ئێوارەیە ڕادەگەیەندرێت".