ئەمریكا: هێرشە درۆنییەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم قبووڵكراو نین

15-07-2025 11:12
چەند دیمەنێكی هێرشەكەی سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ

پەرەگراف

ئەمریكا سەركۆنەی هێرشە درۆنییەكانی سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم دەكات و ‏دەڵێت "قبووڵكراو نین".‏

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك دەڵێت ‏‏"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركۆنەی ئەو ھێرشە درۆنییانەی ئەم ‏دواییە دەكات لە سەرانسەری ‌وێراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی ١٤ و ١٥ مانگی ‏تەموزیشەوە بۆ سەر ژێرخانی گرنگی كێڵگە نەوتییەكانی خورمۆڵە و سەرسەنگ ‏لە ھەرێمی كوردستانی عێراقدا".‏

كونسوڵخانەی ئەمریكا جەخت دەكاتەوە "پێویستە حكومەتی عێراق پیادەی ‏دەسەڵاتی خۆی بكات بۆ ڕێگریكردن لە لایەنە چەكدارەكان لە ئەنجامدانی ئەو ‏ھێرشانە بۆ سەر ئەو شوێنانە لە ناوخۆی وڵاتدا، بەو شوێنانەشەوە كە كۆمپانیا ‏عێراقی و نێودەوڵەتییەكان وەبەرھێنانیان لە داھاتوی عێراقدا كردووە".‏

ئەمریكا ڕایشیدەگەیەنێت كە "ئەو هێرشانە قبووڵكراو نین و ھەڕەشەن بۆ سەر ‏سەروەریی عێراق و تەگەرە دەخەنە بەردەم ھەوڵەكانی عێراق بۆ سەرنجڕاكێشانی ‏وەبەرھێنانی دەرەكی".‏

‏"ھانی حكومەتی عێراق دەدەین لێكۆڵینەوە بكات، تا بزانێت كێ لە پەنای ‏ھێرشەكانەوەیە و ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بكاتەوە"، ئەمریكا وا دەڵێت.‏

بەیاننامەی ئەمریكا پاش ئەوە هات كە بەیانیی ئەمڕۆ هێرش كرایە سەر كێڵگەی ‏نەوتی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆك، شەوی ڕابردوویش هێرش كرایە سەر ‏كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر.‏

كۆمپانیاHKN ‎ـی ئەمریكی كە وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی سەرسەنگدا دەكات، بەیانیی ئەمڕۆ لە ‏بەیاننامەیەكدا ڕوودانی تەقینەوە و ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی لە كێڵگە نەوتییەكە پشتڕاست ‏كردەوە.‏ كۆمپانیاكە ڕایگەیاندووە "ئەندامانی ستافی كێڵگەكە سەلامەتن و تیمی فریاگوزاری سەرقاڵی ‏كوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەكەیە".‏

دواتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند كە هێرشەكە بە "درۆنی بۆمبڕێژكراو" ئەنجام ‏دراوە و بە "تیرۆرستی"یش ناوی دەبات، هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "هیچ زیانێكی ‏گیانیی نەبووە".‏

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەشڵێت "ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی ‏كوردستان بەتووندی ئیدانە و شەرمەزار دەكەین". ‏

شەوی ڕابردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم ڕایگەیاند "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (14)ـی تەمووزی ‏‏2025، لە كاتژمێر 8:20 و 8:25، لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر ‏كێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر".‏

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەشڵێت "هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانیی نەبووە، تەنیا زیانی بە ‏بۆرییەكانی ئاوی وێستگەكە گەیاندووە". ‏