پەرەگراف
سەرۆكوەزیرانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە كێشەی مووچە بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمی كوردستانەوەیە بە "ڕادەستكردنی نەوت و داهاتی نانەوتی". دەشڵێت "وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت هیچ بودجەیەك بەبێ پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بنێرێت". هەروەها سوودانی باس لە دوو پێشنیاز بۆ چارەسەر و پەیوەندییەكانی خۆی و بارزانی دەكات.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ شەرقولئەوست، دەربارەی تۆمەتباركردنی بەغدا بە هەوڵدان بۆ برسیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان، دەڵێت "ئەو قسە هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووریی نییە، چونكە گەلی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەتایبەت كابینەی حكومیی ئێستا سوور بووە لەسەر جێبەجێكردنی ئەركە ئەخلاقی و دەستووری و ڕێككەوتنە سیاسییەكان بۆ چارەسەری كێشەكان".
سوودانی لە گفتوگۆكەدا بەوردی باس لە كێشەی مووچەی هەرێم دەكات و دەڵێت "مووچە، پەیوندیی بە یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە هەیە، كە ئەمانە پابەندكەرن و سەرۆكوەزیران ناتوانێت تێیان بپەڕێنێت".
سوودانی ڕەخنە لە هەرێم دەگرێت كە "یاسای بودجە پەسەند كرا و دواتریش هەموار كرایەوە، كەچی حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە ڕادەستكردنی تەواوی نەوت، جگە لەوەش پابەند نەبووە بە ڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی و گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی گشتیی فیدراڵی، كە ئەمەش پێشێلكردنی یاسا و بڕیاری دادگایە".
سەبارەت بە تۆمەتباركردنی بەغدا بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی هەرێم، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەڵێت "هەرێم، قەوارەیەكی دەستووریی فیدراڵییە و لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە ڕێزلێگیراوە. پابەندین بە سەقامگیریی هەرێم و 18 مانگ لەمەوبەر یارمەتیمان دا كە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدات".
سوودانی باس لەوەش دەكات كە پەیوەندیی لەگەڵ مەسعود بارزانی "باش بووە" و دەڵێت "پێم وایە دەتوانین كاری هاوبەش بۆ ئیدارەدانی دۆخی سیاسی بكەین، ئەم ناكۆكییەی ئێستا یاسایی و تەكنیكییە نەك سیاسی".