دادگای فیدراڵی دانیشتنی تایبەت بە سكاڵاكانی مووچەی دواخست

14-07-2025 10:14

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی تایبەت بە سكاڵاكانی مووچەی ‏مووچەخۆرانی هەرێمی دواخست.‏

دادگاكە بڕیاربوو ئەمڕۆ لەبارەی دوو سكاڵای مووچەوە كۆببێتەوە و بڕیار بدات، ‏بەڵام دانیشتنەكە و بڕیاردان لەسەر سكاڵاكانی مووچە بۆ 28-07-2025 دواخرا.‏

سکاڵاى یەکەم لەلایەن ڕەمەزان عەبدولڕەحمان محەمەد و کاروان ئەحمەد سڵێمانەوە لەسەر وەزیرى دارایى حکومەتى فیدراڵى تۆمار کراوە.

داوا دەکەن "گرنتى بەردەوامیى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بدرێت بەشێوەى مانگانە و لە کاتى خۆیدا لەلایەن وەزارەتى دارایى فیدراڵەوە، بەبێ گوێدان بە ناکۆکییەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێم سەبارەت بە لێکدانەوەکانى یاساى بودجە و هەر هۆکارێکى تر".

هەروەها داواى دەرکردنى فەرمانسالارییەک دەکەن بۆ ئەوەى وەزارەتى دارایى فیدراڵ دەستبەجێ پابەند بکرێت بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم تا یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکە.

سکاڵاى دووەم لەلایەن مامۆستایانى ناڕازیى هەرێم (دلاوەر عەلى محەمەد ساڵح، زریان عەلى محەمەد، سامان عەلى ساڵح)ـەوە لەسەر سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزیرى دارایى تۆمار کراوە.

لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن "بڕیار بدرێت بە دوورخستنەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە ململانێى سیاسى و ئینفاقى فیعلى".