پەرەگراف
كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم ڕایدەگەیەنن، بە هەمان مەرجەكانی پێشووەوە ئامادەن "دەستبەجێ" دەست بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بكەنەوە. جەختیش دەكەنەوە كە سازشیان لەسەر گرێبەستە نەوتییەكانیان نەكردووە كە لە جۆری هاوبەشییە و بەغدا پێشتر ئەو گرێبەستانەی ڕەت كردووەتەوە.
كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) ڕایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی هەرێم و عێراق كۆبوونەتەوە و ئامادەن 'دەستبەجێ' هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بكەنەوە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی ڕێككەوتنێكی نووسراو هەبێت بۆ دڵنیاییدان لە پێدانی شایستە داراییەكانیان و ڕێزگرتن لە گرێبەستە یاساییەكانیان.
ئەپیكور، خۆشحاڵیی دەردەبڕێت كە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت چڕ كراونەتەوە.
نوێنەرانی ئەپیكورو كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی دیكەی نەوت، 12ی ئەم مانگە لەگەڵ هەردوو حكومەت كۆبوونەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان جەختیان كردووەتەوە كە "ئامادەن دەستبەجێ هەناردەكردنی نەوت دەست پێ بكەنەوە، ئەوەش كاتێك ڕێككەوتنی پابەندكەر واژوو دەكرێت، كە دڵنیایی بدات لە پێدانی پارەی هەناردە، ڕێز لە گرێبەستە یاساییە كارپێكراوەكانیان بگیرێت و چارەسەرێك بۆ شایستە داراییە كەڵەكەبووەكانیان بدۆزرێتەوە".
ئەپیكور ئەوەش دەخاتە ڕوو، پێویستە هەموو پارەدانێك "بە شێوەیەكی خێرا و شەفاف بێت، جێی قبووڵی كۆمپانیاكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، ئیتر بە كاش بێت یان لە ڕێگەی ڕادەستكردنی پشكی نەوتی".
ئەو مەرجانەی ئەپیكور جەختیان لێ دەكاتەوە، هەمان ئەو مەرجانەن كە پێشتر هەیبووە، كە سەرەكیترینیان گرەنتیی پێدانی شایستە داراییەكان و قەرزەكان و كاركردن بە هەمان ئەو گرێبەستانەی كە پێشتر هەیانبووە و لە جۆری هاوبەشیە.
بەپێی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان ئەنجام دراوە ، كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان پشكدار كراون لە نەوتی هەرێمدا ، بە جۆرێك كە 40%ـی نەوتەكە بۆ ئەوانە.
حكومەتی عێراق پێشتر ئەم جۆرە گرێبەستەی ڕەت كردووەتەوە و داوای لە كۆمپانیاكان كردووە كە گرێبەستی نوێ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجام بدە ، چونكە جۆری گرێبەستەكان لە عێراق لە جۆری خزمەتگوزارییە و كۆمپانیاكان تەنیا لە بەرانبەر وەرگرتنی شایستەی داراییدا كار دەكەن و بەغدا پێدانی پشك بە كۆمپانیاكان بە ناداەستووری دەزانێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕەشنووسی ئەو چارەسەرەی كە ڕادەستی بەغدای كردووە، لە ئەگەری بەشداریكردنی كۆمپانیا نەوتییەكان پێشنیازی ڕادەستكردنی 217 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی بە بەغدا كردووە. لە ئەگەری بەشدارنەبوونی كۆمپانیاكانیش لە ڕێككەوتنەكە، پێشنیازی ئەوەی كردووە 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەست بكات.
هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتیشی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی كردووە، بەڵام حكومەتی عێراق 46 هەزار بەرمیلی بۆ دیاری كردووە و ئێستا ئەمە خاڵی سەرەكیی ناكۆكییانە.