پەرەگراف
هێزە ئەمنییەکان لە ناحیەى وەرتێ تەقەیان بە ڕووى ئەو خۆپیشاندەرانەدا کرد کە بۆ داواى چارەسەرى کێشەى کارەبا خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، خۆپیشاندەرێک کوژرا و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
کاتژمێر ١٠:٠٠ـى ئەمشەو ١٣-٠٧-٢٠٢٥، بەشێک لە دانیشتوانى گوندەکانى سنوورى ناحیەى وەرتێ لە قەزاى ڕواندزى سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، بۆ دووەم جار خۆپیشاندانیان بۆ داواى چارەسەرى کێشەى کارەبا ئەنجام دا، کە وەکوو خۆیان دەڵێن "ئەمشەو یەک کاتژمێریش کارەبامان نەبووە".
خۆپیشاندەران بۆ نیشاندانى ناڕەزایەتى، ڕێگاى هامڵتۆنیان لەسەر پردى حافز بۆ ماوەیەک داخست، دواتر هێزێکى ئەمنیى زۆر چوونە ناوچەکە و هەوڵى کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکەیان دا.
هێزە ئەمنییەکە لە ڕێگەى فشار و بەکارهێنانى چەکەوە، لە کاتژمێر ١١:٣٠ـی شەو هەوڵى بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەرانیان دا و تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەران و دواتریش بە ئاراستەى خەڵکەکە کرد، بەهۆیەوە هاووڵاتییەک بە ناوى حەسەن ڕەحمان (ناسراو بە حەسەن سەربەرزى)، چەند فیشەکێکى بەرکەوتووە و گیانى لەدەست دا.
ژمارەیەک خۆپیشاندەریش بریندار بوون کە دوانیان بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەی نەخۆشخانەی قەسرێ کراون.
ئەو خۆپیشاندەرەی کە کوژراوە، پێشتر یەکێک بوو لەو کەسانەى کە بانگەوازى بۆ خۆپیشاندان کردبوو و لە ستۆریى فەیسبووک نووسیبووى "وەرن با بڕۆین بۆ پردى حافز".