پەرەگراف
كۆبوونەوەیەكی تایبەتی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە كێشەی مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوت بەڕێوە چوو و هیچ بڕیارێكی تێدا نەدرا، جەخت لە "چڕکردنەوەى هەوڵەکان" بۆ چارەسەرى کێشەکە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ کراوەتەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیى مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئامادەیى قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و بەشداریى وەزیرانى دارایى و سامانە سروشتییەکانى هەرێم و بەرپرسانى دیکەى ئەنجومەنى وەزیران بەڕێوە چوو.
مەسروور بارزانى دەڵێت "كۆبوونەوەیەكی تایبەتمان سەبارەت بە دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەكانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، كرد".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك دەشڵێت "جەختمان لە چڕكردنەوەی هەموو هەوڵەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، لەمبارەیەوە كۆدەنگی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ دەستەبەركردنی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، كە مافێكی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە".
مەسروور بارزانی دووپاتى دەكاتەوە كە "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە كاری هاوبەش بۆ كۆتاییهێنان بەم كێشەیە" و دەشڵێت "ئەم بابەتە، كاری لە پێشینە و ئێستای حكومەتە و لەم پێناوەشدا لە كاری بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی".
لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بڕیارێک دەربارەى دابەشکردنى مووچە نەدراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتیانى هەرێم لە دۆخێکى سەختى داراییدان، بەوپێیەى هێشتا مووچەى مانگى پێنج دابەش نەکراوە، بەڵام لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق دابەشکردنى مووچەى مانگى حەوت دەستى پێ کردووە.