دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر سکاڵای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان خستە هەفتەی داهاتوو
پەرەگراف
دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ لەسەر ئەو سکاڵایە دانیشتنی ئەنجامدا کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەکات، دادگا بڕیاری نەداو ئەو پرسەی دواخست بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگاکە.
عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەری کە سکاڵاکەی تۆمار کردووە دەڵێت: ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای باڵای ئیتیحادی لەسەر داواکەمان ( ژمارە ٨٨/ ئیتیحادی/ ٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، پاش تاوتوێکردنی داواکە، دادگا بڕیاریدا بڕیاردانی کۆتایی لەسەر ناوەڕۆکی داواکە دوا بخات بۆ دانیشتنی داهاتووی دادگا لە ٢١ی ٧ی ٢٠٢٥.
گوڵپی دەشڵێت، داوایاساییەکەی لە پێناو کوردستانێکی بەهێزی دامەزراوەیی پەرلەمانییە نەوەک دیوەخانی حزب، "لە داواکەماندا، داوامان کردووە دادگا ئەم بڕیارانە بدات؛ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی دیزاینکراو. راسپاردنی کۆمسیۆن بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا. وەرگرتنەوەی ئەو ئیمتیازە ماددیانەی (٩٧) پەرلەمانتار لە (٢ی ١٢ی ٢٠٢٤)ەوە وەریانگرتووە".
"هیوامان وایە ئەنجامی داواکەمان و بڕیاری دادگا لە دانیشتنی داهاتوو، سەرەتای هەنگاوێک بێت بۆ لە دایکبوونی پەرلەمانێک کە مەڕجەعی باڵاو نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت و توانای لێپرسینەوەی لە حکومەت هەبێت و کۆتایی پەرلەمانی دەستەمۆی دەسەڵات بێت" عومەر گوڵپی وادەڵێت.