بارەگاى بارزانى: بەڵێنى چارەسەرى کێشەى مووچە درا

12-07-2025 07:13

پەرەگراف

بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، لە بەغداوە بەڵێنی چارەسەری كێشەی مووچە دراوە و "دوادەرفەت" بە حكومەتی فیدراڵ دەدەن بۆ ئەوەی ڕێگەیەك بۆ كۆتایهێنان بەم كێشەیە بدۆزنەوە.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "پەیوەست بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەكلاییكردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست كۆبووەوە".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "هەر ئەمڕۆ بەڕێز د. فواد حسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقی گەڕاوەتەوە كوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی، ڕاگەیاندووە كە لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت".

بارەگای بارزانی دەشڵێت "هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوكردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوادەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین، بۆ ئەوەی ڕێگەیەك بۆ كۆتایهێنان بەم كێشەیە بدۆزنەوە".

"هەمیشە بڕوامان بەوە هەبووە كە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت، ئێمەش پێمان باشە بە لەیەكتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین"، بارەگای بارزانی وا دەڵێت.