لێدوانی نوێی وەزیری نەوتی عێراق لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم

12-07-2025 01:23

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دیاریكردنی بڕی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ، ڕێگرێكی سەرەكییە لەبەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت. جەختیش دەکاتەوە کە "پێویستە هەرێم ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات".

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند "بەپێی ڕاپۆرت و ڕێككەوتنی نێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و عێراق، بڕی 46 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێویستیی ڕۆاژنەی ناوخۆی هەرێم دیاری كراوە، بەڵام هەرێم داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت دەكات و ئەوەش سەرپێچیی یاسای بودجەیە".

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت "پێویستە هەرێمی كوردستان پابەند بێت بە ڕێككەوتنەكان و یاسای بودجە بۆ ڕادەستكردنی نەوت، كە بەپێی یاساكە دەبێت ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی كۆمپانیانی سۆمۆ بكات بۆ هەناردەكردن".

وەزیری نەوت جەخت دەكاتەوە كە "لەسەر زۆرینەی بڕگەكان ڕێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا كراوە، جگە لە بڕگەی بڕی نەوت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ". دەشڵێت "هیوادارین هەرێم لە قۆناغەكانی كۆتاییدا ئەو بڕە نەوتە قبووڵ بكات كە لەلایەن دیوانی چاودێریی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمەوە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە".

"لە گفتوگۆ و دانوستانەکانى ماوەى ڕابردوودا سەرنج خراوەتە سەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکان و ئەوەى لە یاساى بودجەدا هاتووە. لەژێر ڕۆشنایى دانوستانەکاندا، یاساى بودجە هەموار کرایەوە و ١٦ دۆلار بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت لە هەرێم دیارى کرا، پەرلەمان و هەموو لایەنەکان بە حکومەتى هەرێمیشەوە ئەمەیان پەسەند کرد"، حەیان عەبدولغەنی وا دەڵێت.

عەبدولغەنی جارێكی دیكە ئامادەیی عێراقی بۆ وەرگرتن و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دووپات كردەوە و دەشڵێت "لە كۆبوونەوەدا بووم لەگەڵ وەزیری وزەی توركیا. توركیا ئامادەیە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق-توركیا بۆ بەندەری جەیهان دەست پێ بكاتەوە، بەڵام چاوەڕێی برایانمان لە هەرێم دەكەین كە ئەم بڕە نەوتە ڕادەست بكەن".