ئەردۆغان: سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەم و هەموو تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیدا براوەیە

12-07-2025 01:15

پەرەگراف

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سووپاسی حکومەتی عێراق و هەرێم دەکات بۆهاوکارییان لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیاو چەکدانانی دوێنێی گروپێک لە گەریلاکانی پەکەکە بە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا ناودەبات.

ئەردۆغان لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا وتی، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان بۆ پڕۆسەی ئاشتی و گۆڕانکاریی یاسایی دروست دەکەین.

سەرۆککۆماری تورکیا وتیشی: "ئەمڕۆ دەرگاکانی تورکیایەکی گەورە و بەھێز و سەدەی تورکیا بە تەواوی کراونەتەوە. پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر کە بەم دوایانە هەوڵی بۆ دەدەین، بە ئاشکرا دەڵێم، دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان و یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە. با ھەمووان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز سەری دانانەوێنین. بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".

ئەرۆدۆغان ئاماژەی بەوەشکرد لە شەڕی ٤١ ساڵەی پەکەکە و تورکیادا، ١٠ هەزار سەرباز و ٥٠ هەزار هاووڵاتیی کوژراون و تورکیا ٢ ترلیۆن دۆلاری لە شەڕدا خەرج کردووە.

"هەموو هاووڵاتییەکی تورکیا لە کورد و تورک و عەرەب، لە پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوو بووە، ئەمڕۆ تورکیا لە دوێنێ بەهێزترە و بە ئومێدترە و دیواری تیرۆر دەڕوخێندرێت و چووینە نێو قۆناغی کۆتاییهێنان بە تیرۆر" ئەردۆغان وای وت، وتیشی، لەمەودوا سەرجەم کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکەن.