پەرەگراف
دادگاى فیدراڵیى عێراق ڕۆژى دانیشتنى لەسەر دوو سکاڵاى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و دوو سکاڵا لەسەر پەرلەمانى کوردستان دیارى کرد. سەرەتاى هەفتەى داهاتوو دانیشتنەکان بەڕێوە دەچن.
بڕیارە ڕۆژى دووشەممە ١٤-٠٧-٢٠٢٥، دادگاى باڵاى فیدراڵى لەسەر دوو سکاڵا سەبارەت بە مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم کۆ ببێتەوە.
سکاڵاى یەکەم لەلایەن ڕەمەزان عەبدولڕەحمان محەمەد و کاروان ئەحمەد سڵێمانەوە لەسەر وەزیرى دارایى حکومەتى فیدراڵى تۆمار کراوە.
داوا دەکەن "گرنتى بەردەوامیى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بدرێت بەشێوەى مانگانە و لە کاتى خۆیدا لەلایەن وەزارەتى دارایى فیدراڵەوە، بەبێ گوێدان بە ناکۆکییەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێم سەبارەت بە لێکدانەوەکانى یاساى بودجە و هەر هۆکارێکى تر".
هەروەها داواى دەرکردنى فەرمانسالارییەک دەکەن بۆ ئەوەى وەزارەتى دارایى فیدراڵ دەستبەجێ پابەند بکرێت بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم تا یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکە.
سکاڵاى دووەم لەلایەن مامۆستایانى ناڕازیى هەرێم (دلاوەر عەلى محەمەد ساڵح، زریان عەلى محەمەد، سامان عەلى ساڵح)ـەوە لەسەر سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزیرى دارایى تۆمار کراوە.
لە سکاڵاکەدا داوا دەکەن "بڕیار بدرێت بە دوورخستنەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە ململانێى سیاسى و ئینفاقى فیعلى".
ڕۆژێک بەر لە دانیشتنەکانى مووچە، دادگاى فیدراڵى لە ڕۆژى یەکشەممە ١٣-٠٧-٢٠٢٥، لەسەر سکاڵاکانى سەر پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە کە داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن بەهۆی کۆنەبوونەوەو پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم.
سکاڵاى یەکەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا گوڵپى، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستانەوە لەسەر سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى پەرلەمانى کورستان تۆمار کراوە.
سکاڵاى دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نەوێ لە پەرلەمانى عێراق و کوردەوان جەمال، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان و کاوە عەبدولقادر، ئەندامى پێشووى جووڵانەوەکە لە پەرلەمانى کوردستان، لەسەر سەرۆکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.
نەوەى نوێ لە سکاڵاکەدا سەرۆکى هەرێمى تۆمەتبار کردووە بەوەى کە دەبوو بەپێى یاساى سەرۆکایەتیى هەرێم، پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە نەیتوانیوە لە وادەى یاساییدا سەرۆکایەتیى پەرلەمان و کابینەى نوێى حکومەت هەڵبژێرێت، بەڵام سەرۆکى هەرێم ئامادە نەبووە بڕیار بدات بە هەڵوەشاندەوەى پەرلەمان.
نوێ دەکرێتەوە...