لیژنەکەی حکومەتی عێراق: جەخت لە چارەسەری خێرا دەکەین کە مافی فەرمانبەرانی هەرێم دەستەبەر بکات

09-07-2025 04:21

پەرەگراف

ئەو لیژنەیەی حکومەتی عێراق دوێنێ پێکیهێنا بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و مووچە لە نێوان هەولێرو بەغداد، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامداو دەڵێت: جەخت لە چارەسەری خێرا دەکەین کە مافی فەرمانبەرانی هەرێم دەستەبەر بکات.

لیژنەکە د.محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان سەرپەرشتی دەکات و پێنج وەزیر ئەندامن تێیدا کە دوانیان کوردن و هەریەکە لە بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردەوەو خالید شوانی وەزیری دادن.

وەزیری پلاندانان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوەو دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو دوو پێشنیارە کراوە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و هەرێمەوە پێشکەش کراون بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن.

پێشنیارەکانی هەردوو حکومەت بۆ گەیشتنە بە ڕێککەوتن لەبارەی؛ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و بڕی نەوت کە ڕادەستی بەغداد دەکرێت لەگەڵ بڕی بەکارهێنان بۆ پێداویستی ناوخۆ، هەروەها ناردمی بەشە بودجەی هەرێم و تەوتینی مووچەی فەرمانبەران.

"لیژنەکە جەختی لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆی تەکنیکی و کارگێڕی لەسەر ئەم پرسانە کردەوە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری خێرا و دادپەروەرانە و واقیعی کە مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات، هاوشێوەی هاوکارەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لە چوارچێوەی سیاسەتی دارایی یەکگرتووی دەوڵەتدا" ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە وادەڵێت.

خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران کە چاوەڕێی مووچەی مانگی پێنج و شەش دەکەن، چاویان لە ئەنجامی کۆبوونەوەکان و گەیشتنە بەڕێککەوتنێک پێدانی مووچەکانیان مسۆگەربکات و بازاڕی کز و کەوتووی کوردستان ببوژێنێتەوە.