قوباد تاڵەبانی: ئەوەی ئێستا لەسەر مێزەو حکومەتی عێرق داوای دەکات نەهێشتنی شتێکە بەناوی هەرێمی کوردستان

08-07-2025 03:14

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد بەردەوامن بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام ئەوەی ئێستا لەسەر مێزەو حکومەتی عێرق داوای دەکات مەترسیدارەو نەهێشتنی شتێکە بەناوی هەرێمی کوردستان.

جێگری سەرۆکی حکومەت لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیایەکی ناوخۆیی بەناوی مایک دەڵێت "ئامانجی ئێمە ڕێککەوتنەو بەدیل نییە بۆ ڕێککەوتن. پڕۆسەکە ئاڵۆز و قورسە. بەو داواکارییانەی ئێستا حکومەتی فیدراڵ داوای دەکات کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێم و بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستانە".

"ئەوەی ئێستا لەسەر مێزەو حکومەتی عێرق داوای دەکات هەرێم قبوڵی بکات، پێشێلکردنی دەستورەو مەترسیدارە بۆ بچووکردنەوەی هەیبەت و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و لێدانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی بەغداد پێشنیاری کردووە نەهێشتنی شتێکە بەناوی هەرێمی کوردستان. ئەوەی ئێمەش پێشنیارمان کردووە بەغداد قبوڵی نییە" جێگری سەرۆکوەزیران وادەڵێت.

تاڵەبانی مەترسی ئەوەی هەیە کە حکومەتی عێراق بە مووچە دەستی پێکردو چوو بۆ نەوت، "پاشان دەچێت بۆ فڕۆکەخانەو دەچێت بۆ دەروازە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆو سبەینێ هەڵدەستین لەخەو هەرێمی کوردستان نەماوە".