پەرەگراف
ڕۆژی هەینی 11-07-2025، بۆ بەڕێوەچوونی مەراسیمی چەكدانانی گەریلاكانی پەكەكە دیاری كراوە. بە پاساوی "هۆكاری ئەمنی"، ئامادەیی ڕۆژنامەنووسان لە مەراسیمەكە هەڵوەشێندرایەوە. پەكەكە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەردانی لایەنەكانی هەرێمی كوردستانی كردووە و بە فەرمی بانگهێشتی مەراسیمەكەی كردوون، شاندی پەكەكە ڕایشیگەیاندووە كە پارتەكەیان "جیدییە" لە سەرخستن و بەئەنجام گەیاندنی پرۆسەكەدا.
مەراسیمی چەكدانانی پەكەكە كە بە پرۆسەیەكی سیمبوولی بۆ نیشاندانی نیازپاكیی ئەو پارتە بەرانبەر پرۆسەی ئاشتی ناو دەبرێت، تەنیا "20 بۆ 30" گەریلا بەشداریی تێدا دەكەن كە لەناویاندا بەرپرسیش هەن. پرۆسەى چەکدانانى تەواوەتیى پەکەکە دوورودرێژە و لەگەڵ هەنگاوەکانى داهاتووى پرۆسەى ئاشتى بەڕێوە دەچێت.
هەر ئەمڕۆ، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگایی هەواڵگری توركیا (میت)، بە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، کۆبووەوە. کاڵن ڕۆژى یەکى ئەم مانگەیش سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و بە جیا لەگەڵ مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، مەسروور بارزانی، قوباد تاڵەبانی و رێبەر ئەحمەد كۆ بووەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێك لە حیزبە كوردستانییەكان بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "شاندێكی پەكەكە ڕۆژی دووشەممە 7ـی حوزەیران سەردانیان كردین و بە فەرمی بانگهێشتیان كردین بۆ بەشداری لە مەراسیمی چەكدانانی گەریلاكانیان".
ئەو سەرچاوە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، وتیشی "شاندەكەی پەكەكە وتیان: لە مەراسیمەكەدا وردەكاریی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی بۆ پارت و لایەنە ئامادەبووەكان ڕوون دەكرێتەوە".
شاندی پەكەكە جگە لە ئاماژەدان بە "گرنگیی پاڵپشتیی هەموو لایەنە كوردییەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی"، هاوكات جەختی كردووەتەوە كە "پەكەكە لە گفتوگۆ و هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتیدا جیدییە و دەیەوێت پرۆسەكە سەربخات و كورد لەو ڕێگەیەوە بە مافەكانی خۆی بگات".
هەرچەندە سەرچاوەكەی پەرەگراف وتی "كات و شوێنی پرۆسەی چەكدانان هێشتا بە لایەنەكان نەوتراوە، لەبەر دۆخی ئەمنی"، بەڵام میدیای توركیا و پەكەكەیش ئاشكرایان كردووە كە مراسیمی چەكدانانەكە ڕۆژی هەینی بەڕێوە دەچێت.
هەرچەندە بڕبار بوو ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكان بەشداری لە ڕووماڵی پرۆسەكەدا بكەن، بەڵام ڕاگەیاندنی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، ڕایگەیاند "بەهۆی گۆڕانی باری ئەمنییەوە، وا پێویستی كرد وردەكارییەكانی پەیوەست بەو مەراسیمەكەی كە چاوەڕێ دەكرێت لە سلێمانی بەڕێوە بچێت، لە ماوەیەكی كورتدا بگۆڕدرێت".
وەكوو ڕاگەیاندنی كەجەكە دەڵێت "مەراسیمەكە بەوشێوەیەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەشێوەی ڕاستەوخۆ ناگوازرێتەوە و ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ڕاستەوخۆ لە مەراسیمەكەدا بەشدار بن".
كەجەكە لەگەڵ داوای لێبوردن لە میدیاكان، تكایان لێ دەكات "لە هۆكارەكانی ئەم گۆڕانكارییە پێویست و بەپەلەیە تێ بگەن".
"شاشەیەك لە نزیك شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكە دادەنرێت، تۆمارە ڤیدیۆییەكانی مەراسیمەكە لە ڕێگەی ئەو شاشەیەوە پەخش دەكرێن. ئەمە تاكە ڕێگەیە تاوەكو بتوانین زانیارییەكانتان پێ بگەیەنین"، كەجەكە وا دەڵێت.